چوار لیوای پۆلیسی فیدراڵیی عێراق له‌ شنگال جێگیرکران

ئاڵای سەرجەم هێزە ناشەرعییەکانیش لادران
kurdistan24.net


K24 - شنگال

دووەم هەنگاو لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاسایش و رەوشی شنگال، بە لادانی هەموو ئاڵاکانی هێزە ناشەرعییەکان جێبەجێ کرا، هەروەها چوار لیوای پۆلیسی فیدراڵ لە دەڤەرەکە جێگیرکران.

هێزی پاراستنی ئێزیدخان، ئەو رێککەوتنە لە بەرژەوەندیی شنگال دەبینێت و بەو هۆیەوەش ئەوان لە یەکەم رۆژەوە ئاڵای هێزەکەیان لادا.

فارس سەگڤان، جێگری بەرپرسی ھێزی پاراستنی ئێزیدخان لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەڕاستی ئەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی جێگەی دڵخۆشیی ئێمە بوو. دەمانەوێت هێمنی و ئاسایش لە شنگال بێتەدی و، خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە. هەرشتێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێمەیە، ئێمە لەگەڵیداین. ئەوەی راستیش بێت، بە فەرمی داوامان لێنەکراوە ئاڵای خۆمان داگرین، بەڵام رێککەوتن کراوە و وەکو رێزێک بۆ هەردوو حکومەت، ئێمە ئاڵاکەمان لە شنگال هێنایە خوارەوە".

لەنێو شنگالدا نزیکەی 20 هەزار کەس لەسەر حەوت هێزی جیاجیا بڵاوکراونەتەوە و چەکدارن، بەڵام بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت هەمووان بە پێنج کیلۆمەتر لە شنگال دوور بن و، هێزە ناشەرعییەکانیش لە شنگال نەمێنن، هیچ ئاڵایەکیش جگە لە ئاڵای عێراق، بەرزنەکرێتەوە.

ساڵح خەلەف، ھاووڵاتییەکی شنگال باس لەوە دەکات "بەڕاستی خەڵکی شنگال زۆر ستەم و ستەمکاریان بینین. ئێمە سەر بە هیچ لایەنێک نین، لایەنگری لە حکومەتی عێراق دەکەین ئەگەر بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی شنگال کاربکات. ئێمە لەگەڵ ئەو رێککەوتنەداین و دەمانەوێت ئیداریەک پێکبێت پەیوەست بێت بە خەڵکی شنگال و شنگال بەڕێوەببات".

ناسر جوندی، ھاووڵاتییەکی دیکەی شنگال باس لەوە دەکات؛ دەبێت پڕۆژەکان لە شنگال دەستپێبکەنەوە، وەکچۆن لە موسڵ دەستیان پێکردووەتەوە.

دوای ئەوەی هەردوو خاڵ جێبەجێ کران، خاڵی سێیەمیش جێبەجێ دەکرێت و بەهۆیەوە کارگێڕییەکی نوێ بۆ شنگال دادەنرێت، بۆ ئەوەی هێمنی و ئارامی لە دەڤەرەکەدا بەرقەرار بێت و، رێگە خۆشبکات تاوەکو خەڵکە ئاوارەبووەکەی شنگال، بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

 

هـ.ر.