پەرلەمانی ئێران پڕۆژە بڕیارێكی بۆ دەستپێكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكان پەسەند كرد
K24- ھەولێر:
وەكوو یەكەم كاردانەوە لە بهرامبهر كوژرانی زانا ئەتۆمییەكەیان، پەرلەمانی ئێران پرۆژە بڕیارێكی پەسەند كرد، كە كابینەی دەوڵەت ناچار دەكات چالاكییە ئەتۆمییەكانی خێراتر بكات و چاودێری پشكێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش سنووردار بكات، بەپێی پڕۆژەكە ئێران دهست به پیتاندنی یۆرانیۆم دهكاتهوه و تا ئاستی 20% پهرهی پێدهدات، ئەمەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەران كردووە.
پەرلەمانی ئێران له یەكەم كاردانەوەیدا بەرامبەر كوژرانی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمی وڵاتەكەی دەنگی بە پڕۆژە بڕیارێكدا، كە حكومهت ناچار دەكات چالاكییە ئەتۆمییەكانی خێراتر بكات، ئەبوڵفەزل عەموویی، گوتەبێژی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمانی ئێران وردەكاری پڕۆژە بڕیارەكەی ئاشكراكردووە.
پڕۆژەكە بە ھەنگاوی ستراتیژی بۆ لابردنی گەمارۆكان ناونراوە، بەو پێیە حكومەت دەبێ ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 20% بهرز بكاتەوە، ھاوكات سەنتهری فیوچەكانی ئای ئار 6 و ئای ئار 8 چالاك دهكرێنەوە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێرانیش ریاكتۆرێكی ئاوی قورس وەكو ئەوەی ئاراك دابمەزرێنێت.
جگە لەوانەش بەپێی پڕۆژە بڕیارەكە دەبێ چاودێریكردنی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران لە لایەن پشكێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵهتی وزەی ئەتۆمیش سنووردار دهكرێن. ئەو بڕیارانە ھەمووی لەكاتێكدایە، كە بەپێی رێكەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1 ئێران نابێت ئەو ھەنگاوانە بنێت.
دوای كوژرانی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمی ئێران، رێبەری ئێران لەپەیامێكدا لەگەڵ ھەڕەشەی تۆڵەكردنەوە، داوای بەردەوامبوون لە چالاكییە ئەتۆمییەكانی كرد. پەرلەمانی ئەو وڵاتەش دەستپێكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی وەكو پڕۆژە بڕیار پەسەند كرد. ئەوە لەكاتێكدایە حەسەن روحانی، سەرۆك كۆمار و بەشێك لە ئەندامانی كابینەكەی داوای دان بەخۆداگرتن دەكەن، كوشتنی فهخریزادهش به سیناریۆی ئەمهریكا و ئیسرائیل ناودەبەن، بۆ ئهوهی ئێران پهلكێشی شهڕ بكهن.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا داوای دان بەخۆداگرتن لە ئێران دەكەن، چونكە ئەگەر ئێران بڕیارەكانی رۆژی یەكشەممەی پەرلەمان جێبەجێ بكات، وەكو پێشێڵكردنی رێكەوتنی ئەتۆمی لێكدەدرێتەوە و ئەوەش دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.