کەرکووك.. ساڵی نوێی خوێندن ده‌ستیپێكرد

حكوومه‌تی هه‌رێم 260 ملیۆن دۆلاری بۆ پێداویستی قوتابخانه‌كانی كه‌ركووك خه‌رجكردووه‌
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

ساڵی نوێی خوێندن لە کەرکووک بە کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردەی تەندرووستیەوە کرایەوە، ئەم ساڵ حکوومەتی هەرێم پێداویستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەلوپەل و پێداویستییەکانی دیکەی قوتابخانەکانی کەرکووک بە بڕی 260 ملیۆن دینار دابینکردووە.

ئەمڕۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بوو لە کەرکووک، جیاواز لە پێشوو ئەم ساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە کۆمه‌ڵێک رێنمایی و رێوشوێنی تەندرووستییەوە دەرگای قوتابخانەکان کرانەوە.

دەوامی قوتابخانەکان بۆ ئەم ساڵ لە هەفتەیەکدا چوار رۆژ دەبێت، قوتابیان رۆژێک لەهەفتەیەکدا، هەندێک قۆناغیش دوو رۆژ دەوام دەكەن، قوتابیانیش نیگەرانی دۆخەکەن.

ئەم ساڵی خوێندن بە کۆمەڵێک کێشە و بەربەستەوە دەستیپێکرد، شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی: بەربەستەکان هەرچییەک بن، خوێندنی کوردی و قوتابی و خوێندکارانی کورد هەمیشە لە پێشەنگ دەمێننەوە.

لە کەرکووک حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنداریەتی خوێندنی کوردی دەکات، زیاتر لە پێنج سەد قوتابخانە و باخچەی ساوایانی هەیە، سەد هەزار قوتابی و خوێندکار و زیاتر لە هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەر بەشدارن لە پڕۆسەی پەروه‌ردە لە شارەکە، ساڵانەش قوتابی و خوێندکارانی کورد یەکەمەکانی سەر ئاستی عێراقن.