لە سولەیمانیەوە بۆ فخری زادە.. كوشتن له‌ پێناو دوورخستنه‌وه‌ی ئێران له‌ شه‌ڕێكی فراوان

ئێران كەمكردنەوەی ماوەی بەرھەمھێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە ساڵێكەوە كردە سێ تا چوار مانگ

K24- ھەولێر:

رۆژنامەی "جیرۆزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی شیكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا گوتوویەتی: كوژرانی زانای ئەتۆمی موحسین فەخری زادە، كە بە "باوكی بۆمبی ئەتۆمی ئێران" ناسراوە، لەوانەیە بەمەبەستی خۆ دوورخستنەوە لە شەڕ لەگەڵ ئێران ئەنجامدرابێت.

یونا جیریمی بۆب شیكەرەوەی ھەواڵگری لەو رۆژنامەیەدا گوتی: لە روانگەی بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلی، لەوانەیە كوژرانی ئەو زانا ئەتۆمییەی ئێران لەگەڵ كوژرانی فەرماندە سەربازییە دیارەكەی ئێرانی، قاسم سولەیمانی لە كانوونی دووەمی رابردوو، ھەروەھا ئاگربه‌ربوون له‌ ناوه‌ندێكی ناووكی و زیانگه‌یاندن به‌ سەنتەرفیوچه‌كانی ئێران، كە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەكاردەھێنرێت لە دامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی لە تەممووزی رابردوو، رووداوی سەرەكی بن لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رۆژئاوا، ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی لە ساڵی 2020.

بە مەزندەی ئەو شیكەرەوەی رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست، ئیسرائیل، ھەوڵ دەدات رێگای سێیەم بدۆزێتەوە، كە دوور بێت لە رێككەوتنێكی دیكەی ئەتۆمی و لە شەڕ، گوتیشی: كاری تیرۆركردن و وێرانكردن لەوانەیە لە كۆتاییدا ببێتە مایەی پاراستنی ئاشتییەكی نا سەقامگیر، یاخود بەلای كەمەوە دووركەوتنەوە لە شەڕێكی تەواو.

ئاشكراشیكرد، "ھەرچەندە لەوانە بوو ئەو رووداوە تیرۆریستیانه‌ و كاری وێرانكاری بووبانە مایەی شەڕێكی ھەرێمی، بەڵام ھەموو بەڵگەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كەوا ئەو كارانە بۆیە ئەنجامدران بۆ ئەوەی ئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕێكی لەو جۆرە كەم ببێتەوە". ئاماژەشیكرد، كردەوەكانی تاران لە نێوان ساڵانی 2019 و 2020 "مەترسیدار بوون".

لە رووبەڕووبوونەوەی "توندترین فشار"ی سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ، ئێران رەتیكردەوە خۆی بەدەوڵەتێكی لاواز پیشانبدات و بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی راگەیاند، كە كەمكردنەوەی ماوەی بەرھەمھێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە ساڵێكەوە كردە سێ تا چوار مانگ.

بۆب بەردوام بوو لە قسەكانی و گوتی: "ماوەیەك كەم  بەر لە كوژرانی سولەیمانی، ئێران كۆمەڵە كردەی سەربازیی جیاجیای دژی ئیسرائیل، سعوودییە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئیمارات و ھەندێك لە ھاوپەیمانانی دیكە ئەنجامدا".

ئێران لەو بڕوایەدابوو، كە ئەو كارانەی ئەنجامیدەدات، دوو پلانە سەرەكییەكەی لە سەر رێگای راست دەھێڵێتەوە: كاركردن لە سەر پێشخستنی چەكی ئەتۆمی و بەرفراوانكردنی ھەژموونی لە تەواوی رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

ئامانجی ئێران لەم دوو پلانەیدا ئەوە بوو ببێتە ھێزی خاوەن ھەژموون لە ناوچەكەدا و ھەڕەشەیەكی راستەوخۆی گەورەتر لە زۆر بەرەوە لە سەر ئیسرائیل درووست بكات، لەوانەش سووریا، لوبنان و غەزە لەگەڵ ھەبوونی ھەڕەشەی ئەتۆمی، وەك شیكەكەرەوەی جیرۆزالیم پۆست دەڵێت.

گوتیشی: "مەحاڵە ئیسرائیل ئەم سیناریۆیە قبووڵ بكات، ھەڵبەتە دەكرێت ئێران بە توندی وەڵامی كوژرانی فەخری زادە بداتەوە و دەكرێت كارەكە ھەمووی بە ڕووی ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا بتەقێتەوە".

جەختیشیكردەوە لەوەی ئیسرائیل ئامادەیە كارێكی سەربازی لە سووریا، لوبنان و غەزەدا ئەنجامبدات بۆ لەناوبردن و نەھێشتنی ئەو ھەڕەشەیە. ئاماژەشیكرد، ئیسرائیل ھەندێك جار بە تەنیا و ھەندێ جاریش لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رێوشوێنیان گرتووەتە بەر بۆ كۆسپ نانەوە لەبەردەم ئامانجە ئەتۆمییەكانی ئێران.

ھەروەھا ئیسرائیل ھەست بە فشار دەكات، بۆ لەناوبردنی ئەوەی دەكرێت لە بەرنامەی ئەتۆمی تاران و خەونەكانی، پێش ئەوەی سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئمەریكا جۆ بایدن لە 20 كانوونی دووەمی داھاتوو دەستبەكار بێت.

بۆب لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی گواستووەتەوە، كەوا ھەندێك كەسایەتی دیاری ئاسایشی نەتەوەیی ھەست بە نیگەرانی دەكەن لە كۆتوبەندكردنیان لەسەردەمی بایدن، ھەرچەند كەس بەڕاستی نازانێت ئەم سەرۆكە ھەڵبژێردراوە چی لە بەرامبەر ئێران دەكات.

ئاراستەیەكی ھەڵە

لە جیاتی ئەمە، لەوانەیە كوژرانی فەخری زادە، وێڕای ماوەی حوكمڕانی بایدن، بەڵێنێك بێت بۆ بەردەوامیدان بەو ھێرشە بوێرانە، كە زۆر بە وردی دژ بە ئێران بژاردەكراون، بەپێی قسەكانی بۆب.

گوتیشی: "لەوانەیە ئەو دەنگۆیانە ئەم دواییە سەبارەت بە ھێرشێكی بەرفراوانی ئەمەریكا دژ بە ئێران، ئاراستەكردنێكی ھەڵە بێت، بۆ ئەوەی سەرنج نەكەوێتە سەر ھێرشەكەی سەر فەخری زادە".

بەدیدی بۆب، كوژرانی فەخری زادە لەگەڵ سولەیمانی و كوشتنی كەسی دووەم لە رێكخراوی قاعیدە، ئەبو محه‌مەد میسری، پەیامێك بێت، كەوا بەردەوامبوون لە سەر درووستكردنی چەكی ئەتۆمی باجی دەبێت.

بەڵام ئەو سینارۆیەی ئیسرائیل خۆی لێدەپارێزی، بەپێی شیكردنەوەی جیرۆزالیم پۆست، ئەوەیە ئێران لەمیانی رێككەوتنی كۆن یان رێككەوتنێكی نوێی بەبێ مەرج بەرەو چەكی ئەتۆمی بڕوات.

لەم حاڵەتەشدا، لەوانەیە ئیسرائیل ھەست بە پێویستیی بە ھێرشێكی ئاسمانی بەرفراوان بكات بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانی، بەپێی قسەكانی بۆب ئەو مشتومڕەش نوێ دەبێتەوە لە بارەی ئایا تواناكانی ئیسرائیل بەش دەكات بۆ لێدانی دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ ئەتۆمی، كە لە ژێر زەوی دامەزراوە، ھەوەھا پێگەی نەتەنز پیتاندنی یۆرانیۆم كە ئەمیش بەشی ھەرە زۆری دەكەوێتە ژێر زەوی.

شیكەرەوەو جیرۆزالیم پۆست ئاماژە بەوە دەكات، پێگە نوێیەكەی نەتەنز جێگای نیگەرانییە بە تایبەت، چونكە ئەو ئامێرە پێشكەوتووەكانی سەنتەرفیوجی تێدایە و دەتوانێت ماوەی "بەرھەمھێنانی" بۆمبی ئەتۆمی كەم بكاتەوە بەبێ ئەوەی ھۆشدارییەكی لە پێشینەی ھەبێت.