پەرلەمانی كوردستان قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچە تاوتوێ دەكات

سەرۆكی پەرلەمان كاتی كۆبوونەوەكە ئاشكرا دەكات

K24 - ھەولێر

لەم ھەفتەیەدا پەرلەمانی كوردستان لەسەر قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچە كۆدەبێتەوە و چەندین بۆچوون و پێشنیاز لە كۆبوونەوەكەدا دەخرێنەڕوو.

لەمیانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، كاتژمێر 11ی چوارشەممە 2/12/2020 پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی گفتوگۆی كراوە سەبارەت بە قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچە و خستنەڕووی پێشنیازەكان بۆ چارەسەر ئەنجامدەدات.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان كە پەیوەندی بە پرسی قەیرانی دارایی و مووچەوە نییە، ژمارەیەك پەرلەمانتار لە سەرەتای كۆبوونەوەكە قسەیان لەسەر ئەو پرسە كرد، لە وەڵامدا سەرۆكی پەرلەمان گوتی "كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە لەسەر ئەو بابەتەیە و ئەوكات ھەموو پەرلەمانتاران بۆیان ھەیە ئازادانە قسە بكەن".

سەرۆكی پەرلەمان گوتیشی: "لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتار دوو یاداشت بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، بەڵام لە ھیچ كام لەو یاداشتانە داوای ئامادەبوونی حكومەت نەكراوە".

ئێستا پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەدا و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی کوردستان و پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی زانکۆ تایبەتەکان دەکات. ھەروەھا خوێندنەوە و گفتوگۆ بۆ هەردوو راپۆرتی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستان و لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان، سەبارەت بە کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات دەكرێت.