وەزارەتی کارەبا: لە نزیکترین دەرفەتدا پێوەری زیرەک کارادەکەین

زیاتر لە 400 هەزار پێوەری زیرەک لە هەرێمی کوردستان بەستراون

K24 - هەولێر

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 400 هەزار پێوەری زیرەکی کارەبا بەستراون، کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا باشتر دەکەن، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە رێگەی کوردستان24ـەوە دەڵێ "لە نزیکترین دەرفەتدا، پێوەری زیرەک کارادەکەین".

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 دەڵێ "هەفتانە راپۆرتی بەرەوپێشچوونی پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبامان پێدەگات. بەپێی دوایین راپۆرت، زیاتر لە 400 هەزار پێوەری زیرەکی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون".

ئێستا وەزارەتی کارەبا خەریکی "پرۆسەی لینکنین"ــە، واتا هەموو ئەو پێوەرانەی دانراون دەبەسترێنەوە بە سەنتەری کۆنترۆڵ. گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا باس لەوەش دەکات "لە پلانی وەزارەتدا هەیە؛ لە نزیکترین دەرفەتدا پێوەرە زیرەکەکانی کارەبا کارا بکرێن"، ئەمە دەبێتە ئەزموونێک، تاوەکو هەر گرفتێک هەبێت، لە ئاییندەدا بۆ هاوبەشەکانی دیکە، کە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار دەبن، سوودی لێ وەربگیرێت.

پێوەری زیرەک بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، زۆر سوودی هەیە، لەوانە: دەتوانێت کۆنترۆڵی خواست بکات، ئەو سەرپێچی و زیادەڕۆییەی لەسەر سیستەمەکە کراوە، بنبڕ بکات. دەتوانێ کاروباری کڕین و فرۆشتنی وزە رێکبخاتەوە، بەشێوەیەک کە هەم هاوبەشان و هەم حکومەت مافیان پارێزراو بێت، هەروەها ئاستی خزمەتگوزارییەکان زۆر بەرز دەکاتەوە.

پێوەری زیرەک لە رێگەی GPS دەبەسترێتەوە، بەجۆرێک ئەگەر گرفتێک لە شوێنێک رووبدات لە رێگەی جی پی ئێس دیاریدەکرێت و، "پێویست ناکات تیمەکان لە دوای کێشەکە بگەڕێن و یەکسەر دەگەنە سەری".