تۆپێکی ئاگرین لە ئاسمان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ژاپۆن دەتەنێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

تۆپێکی ئاگرین کە بەرەبەیان لە چەند بەشێکی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ژاپۆن بینراوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتەی تەنی، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین و وێنە و پۆستیان لەبارەی ئەو ئەستێرە پڕشنگدارە بڵاوکردەوە.

بەپێی میدیاکانی ژاپۆن، ئەو تۆپە ئاگرینە، نەیزەکێکی زۆر پڕشنگدار بووە و تەقیوەتەوە.

تۆپە ئاگرینەکە، تەنیا چەند چرکەیەک بینراوە لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، بەڵام چەندین وێنە و ڤیدیۆی لێ تۆمارکراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە.

یەکێک لەوانەی نەیزەکەکەی بینیوە، لە تویتەر نووسیویەتی "ئاسمان بۆ ساتێک رووناک بووەوە، هەستێکی سەیرم بۆ پەیدابوو، چونکە هیچ ئەگەرێک نەبوو ئەمە رووناکیی هەورەبرووسکە بێت، هەستم بە بەهێزیی گەردوون کرد".

یەکێکی دیکە، لە توویتێکدا کە لەگەڵ ڤیدیۆیەکی نەیزەکەکە هاوپێچی کردووە، دەڵێ "ئەوە تۆپێکی ئاگر بوو؟ پێموایە ئەوە کۆتایی جیهانە...".

ئەستێرەیەکی پڕشنگداری هاوشێوە لە مانگی تەممووزی رابردوو لە ئاسمانی تۆکیۆ بینرا، دواتر دەرکەوت نەیزەکە و چەند پارچەیەکی نەیزەکەکەش لە ناوچەی شیبای نزیک تۆکیۆ دۆزرانەوە.

هـ.ر.