پەیامێک لە ئومێد خۆشناوەوە بۆ پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن و هاوبەشانی پارتی لە حکومەت

"ئەو دەورو و تەوزیعەی لەناو پەرلەمان دەکرێت، لە بەیانییەوە قبوڵکراو نییە"

K24 - هەولێر

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ئومێد خۆشناو له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، رێككه‌وتنەکانی لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی ناو حكومه‌ت، ته‌نیا بۆ پۆست و پله‌ نه‌بووه‌، بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی بووه‌ و ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ به‌و رێککەوتنانە بكرێت، هەروەها پەیامێکی بۆ پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن هەیە. 

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 30-11-2020) لەدوای هەڵگیرانی دانیشتنی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە چوونەتە بەغدا، چەندین جار لێدوانیان داوە و بۆ رایگشتی رایانگەیاندووە، پێشوەچوون لە پرۆسەکەدا هەیە. شاندی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان (دەبێت) بە فایلی دەوڵەمەندەوە بێنە پەرلەمان و بۆ رایگشتی روونبکەنەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند لەگەڵ چارەسەردا بووە و چ ئەقڵییەتێکیش لە بەغدا هەبووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت".

ئومێد خۆشناو دەڵێ، پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، بەشێکە لە پرۆسەیەکی گەورەی سیاسی بۆ زەفەربردن بە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی ناڕەزایی پەرلەمانتارانیش لە هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان، کە داوایان کرد دانیشتنەکە تایبەت بکرێت بە پرسی بودجە و مووچە، ئومێد خۆشناو گوتی "ئەوە هەڵمەتی هەڵبژاردن بوو کە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین واقیعییانە دۆخی کوردستان لەبەرچاوبگرین و رێزی خەڵکی کوردستان بگرین، کە بەرگەی زۆریان گرتووە و چیدیکە یاری بە سۆز و عاتیفەیان نەکرێت".

ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە لەوەی؛ ئەوان وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان "یاداشتێک ئاراستەی بەغدا دەکەین و بە بەڵگەی یاسایی و دەستووری دەیسەلمێنین چەند ستەم لە هەرێمی کوردستان کراوە، یاداشتێک دەدەینە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، وێڕای ئەوەی ئەمڕۆ داوامانکرد و خرایە دەنگدان، کە شاندی حکومەت بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی روونکردنەوە بدات".

لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "داواشمان لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئەوەیە: با بەرپرسیارانە کاربکەین، واز لە موزایەدات بهێنین، بە تەپڵ لێدان لە پەرلەمانی کوردستان کێشەکان چارەسەر نابن، کوا ئەو دەنگە زوڵاڵانەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان بوون، لە بەغدا جارێک گوێبیست نەبووین ئەوان داکۆکی لە خەڵکی کوردستان بکەن".

لە کۆتاییشدا جەختیکردەوە لەوەی "بە هاوبەشەکانیشمان لە حکومەت کە پێکهێنەری بنەڕەتیی حکومەتین دەڵێین: ئێمە رێکنەکەوتووین تەنیا پۆست و پایە دابەشبکەین، بەڵکو رێککەوتووین چاکسازی لەم وڵاتەدا بکەین، بە ئیرادەیەکی بەهێزیشەوە دەستمان پێکردووە، رێککەوتووین کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێن و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین، بۆیە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە و بەدڵنیاییشەوە لەگەڵ سەرۆکایەتیی خۆمان قسە دەکەین؛ دەبێت پێداچوونەوە بەو رێککەوتنانە بکرێت، ئەو دەور و تەوزیعەی لەناو پەرلەمان دەکرێت، تائەمڕۆ قبوڵکراو بوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە بەیانییەوە قبوڵکراو نییە".

هـ.ر.