رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی فشار دەخاتە سەر سووریا و رووسیا

داواكرا سزا بەسەر سوریادا بسەپێنرێت

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە، لە میانی كۆبوونەوەی ساڵانەی دەوڵەتانی ئەندام لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی، جارێكی دیكە رووسیا و سووریا دووچاری فشار ھاتن لە ئەنجامی تۆمەتباركردنیان بە بەكارھێنانی چەكی كیمیاوی.

وڵاتانی رۆژئاوا داوایان لە مۆسكۆ كرد شەفاف بێت لە ئاشكراكردنی راستییەكانی پەیوەست بە ژەھرخواردكردنی بەرھەڵستكاری رووسی، ئەلیكسی ناڤالینی بە مادەی نۆڤیچۆك.

وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوەكەدا داوای سەپاندنی سزایان كرد بە سەر سووریادا، دوای ئەوەی لێكۆڵەران رژێمی سووریایان تۆمەتباركرد بە بەكارھێنانی غازی سارین لە ھێرشەكانیدا لە ساڵی 2017.

بەردەوام رووسیا و سووریا ئەم تۆمەتانە رەت دەكەنەوە و دەڵێن: ھێزەكانی رۆژئاوا ئەو رێكخراوەیان، كە بارەگاكەی لە لاھایە، بە سیاسی كردووە.  

سووریا پێشێلی ئەو مۆڵەتە 90 رۆژەی كرد، كە لەمانگی تەمووزەوە پێیدرابوو بۆ ئاشكراكردنی ئەو چەكە كیمیاوییەی بەكاریھێنابوو لە ھێرشەكانیدا بۆ سەر شارۆچكەی ئەللـەتامنە و ئەمبارەكەی لەو مادە كیمیاوییە چەندە؟ بەپێی بەڕێوەبەری رێكخراوەكە، فرناندۆ ئەریاس.

بەرێوەبەری رێكخراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا گوتی: "كۆماری عەرەبی سوویا ھیچ رێكارێكی ئەنجام نەداوە".

ئاریاس ئاماژەی بۆ ھەبوونی "كەلێن، جیاوازی و ھاودژی" كرد، لە لێدوانەكانی سووریادا سەبارەت بەوەی ئەنجامیداوە لە بارەی ئەو رێككەوتنەی لە ساڵی 2013 لە گەڵی ئەنجامدراوە و بەپێی ئەو رێككەوتنە دەبوایە دەستبەرداری تەواوی جبەخانەكەی بێت لە چەكی كیمیاوی، دوای ئەو ھێرشەی گومانی لێدەكرێت، كە غازی سارینی لە غۆتەی رۆژھەڵات بەكارھێنابێت و بووە ھۆی كوژرانی 1400 كەس.

فەره‌نسا پێشنیازیكرد رێكخراوەكە "ماف و ئیمتیازات"ی سووریا ھەڵپەسێرێت بەھۆی پابەند نەبوونی بەو مۆڵەتەی پێیدراوە، بەپێی قسەكانی باڵیۆزی فەرەنسایی لوی فاسی، كە ئاماژەی بەوە كرد، 43 دەوڵەت پشتیوانی لە پێشنیازەكەی وڵاتەكەی دەكەن.

ئەم سزایەش سووریا بێبەش دەكات لە مافی دەنگدان لە رێكخراوەكەداو بەمەش دیمەشق دەنگدانی لەو دەستەیەدا لێ قەدەغە دەكرێت كە چەندین ساڵە تێیدایه‌، دیمەشق ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە، كەوا چەكی ژەھراویی بەكارھێنابێت.

رووسیاش دووچاری فشار بوویەوە لە ئەنجامی ژەھراویكردنی ناڤالینی لە كردەوەیەكدا، كە حكومەتەكانی رۆژئاوا بەرپرسیاریەتیان خستە ئەستۆی كرملین.

رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی جەختیكردەوە لە ھەبوونی ماددەی نۆڤیچۆك، كە كار لە كۆئەندامی دەمار دەكات، لەو نموونانەی لە ناڤالینی وەرگیراون لەو نەخۆشخانەیەی چارەسەریی لێ وەردەگرت لە ئەڵمانیا.

نۆڤیچۆك مادەیەكی ژەھراوییە و زیانێكی زۆر بە دەماركان دەگەیەنێت و لەمیانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی یەكێتی سۆڤییەت درووستكراوە.

ئاریاس گوتی: رێكخراوەكە لە گفتوگۆ دایە لەگەڵ مۆسكۆ سەبارەت بەناردنی تیمێكی گەڕان بەدوای راستییەكاندا بۆ رووسیا بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە.

لە راگەیاندراوێكی ھاوبەشدا، 55 دەوڵەت، لە نێوانیانیشدا، ھەر یەك لە ئەمەریكا، ژاپۆن، كەنەدا، ئوسترالیا و ژمارەیەكی زۆر لە دەوڵەتانی ئەوروپایی بەتوندترین دەستەواژە سەركۆنەی ئەو دەستدرێژیەی سەر "ناڤالینی"یان كرد.

ئەو دەوڵەتانه‌ داوایان لە رووسیا كرد.. "ھاوكار بێت.. بۆ ئاشكراكردنی چۆنییەتی ئەو ھێرشەی چەكی كیمیاوی تێدا بەكارھات".

رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی 193 دەوڵەت دەگرێتە خۆی و ساڵی 2013 خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتیی وەرگرت، وەك رێزلێنانێك بۆ كارەكانی لە بارەی لەناوبردنی ئەمبارەكانی چەكی كیمیاوی لە جیھان.