ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی پرۆسەی خوێندن لە کوردستان دەدرێت

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەردەکات.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە شاری هەولێر کۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەین".

وەزیری تەندروستی گوتیشی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندن و دەوامی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەکرێت.

پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەی ئاوێتەیە، واتا بەشێکی قوتابییان دەوام دەکەن، بەشێکیش بە ئۆنلاین وانەکان دەخوێنن.

بەهۆی زۆریی تووشبوون بە کۆرۆنا، مانگی رابردوو بڕیاردرا بە داخستنی دەرگای قوتابخانەکان، بەمەش ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە زیاتر لە هەزار کەس لە رۆژێکدا، گەیشتە نزیکەی 350 کەس لە رۆژێکدا.

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لە راپۆرتێکدا کە ئاراستەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای کردووە، داوای کردووە دەرگای قوتابخانەکان تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو بە داخراوی بمێننەوە.