وەزیری تەندروستی: لەبەر ئەم سێ هۆکارە، تووشبوون بە کۆرۆنا کەم بووە

بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن؛ دەرگای قوتابخانەکان بە داخراوی بمێننەوە
kurdistan24.net


K24 - هەولێر

داخستنى دەرگای قوتابخانەكان ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنای لە ھەرێمی کوردستان کەمکردەوە، بۆیە بەشی زۆری بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن؛ دەرگای قوتابخانەكان تاوەکو سەرەتای ساڵی داھاتوو بە داخراوی بمێننه‌وه.

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستان لەو بڕوایەدايه ھێشتا كۆرۆنا ھەڕەشەی جددییە لەسەر ژیانی خەڵك و، ناكرێت بە كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان، بڕیارى كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بدرێت.

وەزیری تەندروستیش سێ ھۆکار ئاشكرا دەكات، كه کاریگەرییان ھەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ئامارەکان، دەشڵێت تاڕادەیەک بارودۆخەکە کۆنترۆڵکراوە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانەکەی بۆ کوردستان24 گوتی "لە 31ـی (مانگی رابردوو) دەگەیشتینە بەرزترین لووتکەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، لەو رۆژەوە (تووشبوون بە کۆرۆنا) بەرەو خوارەوە، بە هێڵێکی ئاسۆیی دەڕوا".

وەزیری تەندروستی دەڵێ "پێش هەموو شتێک داخستنی پۆل و قوتابخانەکان، رۆڵێکی گەورەی بینی لە کەمکردنەوەی تووشبوون بە کۆرۆنا و، دانانی ماسک و سەپاندنی سزا بۆ نەبەستنی ماسک، هەروەها هەڵمەتەکانی هۆشیاریی تەندروستی بەتایبەتی ئەو هەڵمەتە نیشتمانییانەی ئێمە چەند جارێک رامانگەیاندوون و بەردەوامە، رۆڵێکی گەورەی خۆی بینی".

وەزارەتی تەندروستی، لیژنەی تەندروستی و پەروەردەی پەرلەمان و تیمەکانی پشکنین، سەرقاڵی کۆکردنەوەی داتا و زانیارین لەسەر رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە.

بڕیاردەری لیژنەی تەندروستیش پابەندبوونی زیاتری ھاووڵاتییان و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان به هۆكارى کەمبوونەوەی ئامارەکان دەزانێت.

رۆژان سلێڤانەیی، بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی باس لەوە دەکات "داخستنی دەرگای قوتابخانەکان، یەکێکە لە هۆکارەکانی کە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی هەبووە و ژمارەی تووشبووانی کەمکردووەتەوە، هەروەها رێژەی مردنیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووە".

ئەمڕۆ (سێشەممە) بڕیاری داخستنی دەرگای قوتابخانەکان کۆتايی دێت کە مانگی رابردوو درابوو و، پێوستی بە بڕیاری نوێ ھەیە، ھەرچەندە تاوەکو ئێستا ھەموو ئەگەرەکان بە ئاراستەى درێژکردنەوەى بڕيارى داخستنى دەرگای قوتابخانەكانن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، بەڵام وەزارەتی تەندروستی، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش راپۆرتی خۆیان لە بارەی بارودۆخەکە ئامادەکردووە و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەیخەنەڕوو.

 

 

هـ.ر.