پاسەوانانی سنووری عێراق و ئێران لە حاجی ئۆمەران لەکۆبوونەوەدان

لەبارەی ئاسایشی سنوور

K24 - هەولێر

شاندێکی پاسەوانی سنووری عێراق لەگەڵ شاندێکی پاسەوانی سنووری ئازەربایجانی غەربی (پارێزگای ورمێ) ئەمڕۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

شاندی پاسەوانی سنووری عێراقی 13 کەسن و عەمیدی مافپەروەر حەمماد فازڵ دزەیی سەرۆکایەتییان دەکات. سەرۆکی شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کە لە 15 کەس پێکهاتوون، عەمیدی دووەم، یەحیا حوسێنخانییە.

بەپێی زانیارییەکانی تەیفوور محەمەد، پەیامنێری کوردستان24، دوای ئەو کۆبوونەوەیە، شاندە ئێرانییەکە لە شنگلبانە لە سۆران کۆبوونەوەی دیکەیان دەبێت، شاندەکە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە تاوەکو سبەی و، ئەوکاتە کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەبارەی ناوەڕۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان دەبەستن.

بابەتی کۆبوونەوەی هەردوو شاندەکە؛ ئاسایشی سنووری ئێران و هەرێمی کوردستانە، بە دروستیش ئەو ناوچە سنوورییانەی دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و سنووری سیدەکان.

پاسەوانی سنووری عێراق سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە و ئەرکی پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی لەئەستۆیە، هەروەها شاندە ئێرانییەکەش تایبەتن بە پاراستنی ئاسایشی سنوور لە سنووری ئازەربایجانی غەربی.

ئازەربایجانی غەربی کە پارێزگای ورمێیە، یەکێکە لە پارێزگا گەورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و، هاوسنوورە لەگەڵ هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و بەشێکی پارێزگای سلێمانی.

هـ.ر.