گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: دەبێ ھەموو ھێزە نایاساییەكان لە شنگال بكشێنەوە

"بەرھەمی ئەو رێككەوتنە دەچنینەوە كە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی ھەرێمی كوردستان واژۆ كراوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال چووە بواری جێبەجێكردنەوە و گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، دەبێ ھەموو ھێزە نایاساییەكان لە شنگال بچنە دەرەوە.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەرھەمی ئەو رێككەوتنە دەچنینەوە كە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژۆ كراوە، ئەو رێككەوتنە زۆر گرنگە لەپێناو كاری ھاوبەش لەنێوان ئێمە و حكومەتی ھەرێمی كوردستان. دەبێ سەرجەم ھێزە نایاساییەكان لە شنگال بكشێنەوە و ھەموو كارێك دەكەین بۆ گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، دەبێ كاربكرێت بۆ بوژانەوەی ناوچەكە".

گوتیشی: "بەگوێرەی رێككەوتنەكە سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆ لە شنگال دەبن، پۆلیسی فیدرالیش ناوچە سنوورییەكان دەپارێزێت، بۆ ئەوەی لە دەروازییەكان پێشێلكاری نەكرێت، دەبێ ھەموو ھێزەكانی دەرەوەی رێككەوتنەكە لە شنگال بچنە دەرەوە".

ماھیر شنگالی پەیامنێری كوردستان24 لە شنگال ئاماژەی بەوەدا: "ئەمڕۆ ھێزەكانی (یەپەشە)ـی سەر بە پەكەكە ژمارەیەكی دیكەی بارەگاكانیان لە شنگال چۆڵكرد".

بەگوێرەی ئەو وادەیەی دیاریكراوە، دەبێ ئەمڕۆ 1/12/2020، ھێزەكانی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و حەشدی شەعبی شنگال چۆڵ بكەن.