بەریتانیا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای بەریتانی کرد

K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای بەریتانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا شاندە بەریتانییەکە ئامادەیی وڵاتەکەیان نیشاندا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی بەریتانی کرد کە پێکهاتبوو لە جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جەیمس هیپی، وەزیری هێزە چەکدارەکان و ستیڤن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا. شاندی بەریتانی ئاماژەی بەوەدا خەڵکی بەریتانیا بە ڕێز و ستایشەوە دەڕواننە رۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، ئامادەیی وڵاتەکەشیان دەربڕی بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی بەریتانیا لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستاندا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای سوپاسکردنی هەڵوێستی دۆستانەی بەریتانیا، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە سەر بنەمای دەستوور جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵیش ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات.

بەریتانیا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات
بەریتانیا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات