ئەمساڵ 20 تووشبووی ئایدز لە کوردستان دەستنیشانکراون، 17ـیان بیانین

وەزارەتی تەندروستی: توشبوون و گیانلەدەستدان بە ئایدز زۆر كەمە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی جیهان

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەساڵیادی رۆژی جیهانیی ئایدز، ئاشکرای کرد ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 20 حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی نەخۆشیی ئایدز تۆماركراوە، كە 17 لەوان بیانین.

1ـی دیسەمبەری هەموو ساڵێک یادی رۆژی جیهانیی ئایدزە. وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا بەو بۆنەیەوە دەڵێ وەزارەتەکە "وەكو هەموو ساڵێك لە ڕێگەی دەزگا تەندروستییەكانەوە و بەهاوكاریی دەزگاكانی راگەیاندن، چەندین هەڵمەتی هۆشیاری جۆراوجۆر بەم ڤایرۆسە بڵاودەكاتەوە و ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکات كە خۆیان لە هۆكاری توشبوون بەو ڤایرۆسە بەدووربگرن".

ئایدز، بە دواقۆناغی نەخۆشیی لاوازبوونی درێژخایەنی بەرگری جەستەی لەش ناسراوە، بەهۆی ڤایرۆسی (HIV) کە ترسناكترین پەتای ڤایرۆسیە لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە، تائێستا بەبەردەوامی بەهۆی كاریگەری هەمەلایەنەکانی هەڕەشە لە ژیان و مرۆڤایەتی دەكات، ترسناكیی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە: كەسی تووشبوو چەندین ساڵ هەڵگری ڤایرۆسەكە دەبێت بێ ئەوەی نیشانەی هەبێت و هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەكەش دەبێت.

لە سەرتاسەری جیهان نزیكەی 40 ملیۆن كەس هەڵگری ڤایرۆسی HIVـین، زیاتر لە 600 هەزار كەسیش ساڵانە بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن.

وەزارەتی تەندروستی هەروەها دەڵێ "خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان بەهۆی كولتوورە جیاوازەكانی كە هەیە و ئەو رێكارانەی وەزارەتی تەندروستی دەیانگرێتەبەر بۆ گەڕان و دۆزینەوەی حاڵەتەكان،‌ رێژەی توشبوون و گیانلەدەستدان بەم نەخۆشییەی زۆر كەمە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی جیهان".

لە هەرێمی كوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی؛ "لەم ساڵدا زیاتر لە 194 هەزار پشكنین بۆ ڤایرۆسی (HIV) كراوە، لەم ژمارەیە تەنها 20 حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی نەخۆشی ئایدز تۆمار كراون، كە 17 لەوان بیانین".

بەكۆی گشتی لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردووی زووەوە تائێستا 305 حاڵەتی دەستنیشانكردنی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش، بەپێی راگەیەندراوەکە "تەنها 52 تووشبوو لە هەرێمی كوردستان بوون و 253 حاڵەتیش بیانی بوون".

"بەهۆی كرانەوەی هەرێمی كوردستان بە ڕووی وڵاتانی دونیا"، وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان و بەتایبەتی چینی گەنجان دەکات "خۆیان بەدووربگرن لە هۆكارەكانی توشبوون بەم نەخۆشیە و رێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەن. كە بریتییە لە دووركەوتنەوە لە سێكسی لابەلا و ناشەرعی و بەكارنەهێنانی هەموو ئەو كەرەستانەی پیسن و دەبنە هۆی برینداربوونی پێست، کە بەم هۆیەوە ڤایرۆسەكە دەگوازرێتەوە".

وەزارەتی تەندروستی لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت دەکاتەوە لەوەی "وەزارەتمان بەردەوامە لە رێگری سەرچاوەی بڵاووبوونەوەی ئەم نەخۆشییە ، لە ڕێگەی پشكنینی پێشوەختە و كاری بەردەوام دەكات بۆ ئەوەی ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی كوردستان بەربڵاونەبێت بۆ ئەو مەبەستەش پشكنین بۆ پزیشكان و پزیشكانی ددان و كارمەندانی تەندروستی ماوە بە ماوە ئەنجامدەدرێت. هاوكات (بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نیشینگە بۆ بیانییەکان و لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان و بەخشینی خوێن و پێش پڕۆسەی هاوسەرگیری و زیندانیکردن و داواکردنی مۆڵەتی تەندروستی بۆ هەندێک پیشەی وەک (سەرتاشخانە، مەساج، شوێنی گەشتیاری....هتد)و داواکردنی بەڵگەنامەی تەندروستی نێودەوڵەتی. پشكنینی ڤایرۆسی ئایدز (HIV) بۆیان ئەنجام دەدرێت".