يونامى: نيگهرانین له داخستنی كهمپی ئاوارهكان

K24 – ههولێر:
رێکخەری مرۆیی و نیشتەجێی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق "ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆ" نیگهرانی خۆی سهبارهت به داخستنی کەمپهكانی ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق دهربڕی.
له بهیاننامهیهكدا، رێكخهری نهتهوهیهكگرتووهكان له عێراق نووسیویهتی: "زۆر نیگەرانم دەربارەی راگواستنی هەزاران خەڵکی مەدەنی لە کامپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان لە عێراق لەم شەش هەفتەیەی دوایی، کە تا ئێستاش خانوی نوێیان نەدۆزیوەتەوە".
به فهرمانی "مستهفا كازمی" سهرۆك وهزیرانی عێراق بڕیاره سهرجهم كهمپی ئاواره ناوخۆییهكان له عێراق دابخرێت و ئاوارهكان بگهڕێندرێنهوه زێدی خۆیان.
به گوێرهی زانیارییهكانی "یۆنامی" لە ناوەڕاستی مانگی (تشرینی یەکەم/ ئۆكتۆبهری 2020)ەوە حکومەتی عێراق (11) کهمپی ئاوارەکانی داخستووە و وەکو شوێنی نیشتەجێبوونی نا فەرمیش پۆلێنی کردوون، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر (27000) کەس.
له بهیاننامهكهی "یونامی"دا هاتووه: "وا مەزەندە دەکرێت (%78)ـی پێكهاتهی ئهو كهمپانه ئافرەت و منداڵ بن".
رێكخراوهكه باسی لهوهشكردووه، ئهوانهی گهڕاونهتهوه هێشتا شوێنی نیشتهجێبوونیان وهك پێویست نییه و له بهیاننامهكهدا پرسیاری ئهوه كراوه، "چی بەسەر ئەو عێراقیانە دێت، چی بەسەر ئاسایش و خۆشگوزەرانی وئایندەیان دێت۔ بە گوێرەی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوو لەسەر سێی خەڵکی زیان لێکەوتوو گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، بەڵام زۆربەیان لە ماڵەکانی خۆیان نین. نزیکی (%30) گەڕاوەکان شوێنێکی نیشتەجێبوونی ئارام و شکۆداریان نیە و بە داماوی لێقەوماوی ماونەتەوە. سێیەکەکەی تریش ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. تا ئێستاش گرژییە کۆمەڵایەتییەکان و ناسەقامگیریی و بوونی تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەکان و نەبوونی بەڵگە و دۆکیومێنتی فەرمی و کەمی شوێنی نێشتەجێ بوون و خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی یارمەتی نەختینەو کەمی دەرفەتی گوزەران بەربەستی گەورەن بۆ گەڕانەوەیان".
رێکخەری مرۆیی و نیشتەجێی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق "ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆ" له بهیاننامهكهیدا ئهوهشی نووسیوه: "نیگەرانم بەو ئاماژانەی کە دەڵێن، چەندین خێزانی دیكهی عێراقی لەوانەیە پێش کۆتایی ساڵ دووچاری هەمان حاڵەت ببنەوە، لە کاتی داخستنی ئەو پێنج کەمپەی کە ماونەتەوە و حکومەتی عێراقی بەڕێوەیان دەبات. نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەمان ئامانجیان هەیە ئەویش کۆتایی هێنانە بە قەیرانی ئاوارەیی لە عێراق، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دووپاتی دەکاتەوە کە گەڕانەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان دەبێت ئارەزوومەندانە و سەقامگیر و شکۆدار و پێڕاگەیاندراو بێت، لەگەڵ بوونی دۆخێکی هەمواری پێشوەختانە لە زێدەکانی خۆیان بۆ ئەوەی بتوانرێت دووبارە بگونجێن و وێڕای مسۆگەرکردنی چارەسەری دووورمەودا بۆ كێشهكانیان".
له بهشێكی دیكهی بهیاننامهكهیدا هاتووه: "نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە پشتگیریکردنی حکومەتی عێراق لە رێگای ئاسانکردنی گەیشتن بە چارەسەری دوور مەودا بۆ لێقەوماو و داماوان لە ئاوارە و گەڕاوەکان بە پشتگیریکردنی پێوەرەکانی شیرازەی کۆمەڵایەتیشەوە".
له كۆتایی بهیاننامهكهدا هاتووه: "بە یەکەوە لەگەڵ هاوبەشکارە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی بواری مرۆیی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین و بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردن و لە ئامادەباشیداین بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی لە کاتی پێویست و بە گوێرەی بنەما مرۆییەکان".
ئ.ر