بڕیاره‌ نوێیه‌كانی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ باره‌ی ده‌وامی ناوه‌نده‌كانی خوێندنه‌وه‌

ده‌قی بڕیاره‌كان

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ  بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و بەرپرسی یەکەی ئیدارە سەربەخۆکان، لیژنەی باڵای بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووە و لەبارەی ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی ده‌ركرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، "سامان بەرزنجی"، وەزیری تەندروستی، راپۆرتی دەربارەی هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و دوای گفتووگۆ و را گۆڕینەوە، لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، مامۆستایان، قوتابیان و خوێندكاران، ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:

1- دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

2- قۆناغی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن. 

3- قۆناغی 3 بنەڕەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی - ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (2021/1/7) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت.

4-  ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.

5-  دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

6-  دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.

7- بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.

8-  لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان تا رۆژی (2021/1/7) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.

9-  بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (2021/1/7) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

10-  راسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان (مزگەوت، کلێسە و هۆڵی بۆنەکان) بە مەبەستی پابەندکردنیان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

11-  دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (52) لە (2020/10/24).

12- ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (2020/12/2) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم ڕێکەوتە لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتووێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

2020/12/1