"گەندەڵی لە داهاتە نانەوتییەكانی عێراق هۆکاری قەیرانی داراییە"

لیژنەی دارایی: پێویستە حكومەت ھەنگاوبنێت

K24 - ھەولێر

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هۆکاری کێشەی عێراق و قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە بۆ بەهەدەردان و بە تاڵان بردن و گەندەڵی لە کەرتە نانەوتییەکان، کە به‌ چه‌ندین ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، و داوا لە وەزارەتی دارایی دەکەن، بە جددی هەنگاو بنێت و ئەو گەندەڵی و تاڵانکارییە بوەستنێنێ.

ماجید وائیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "داهاتی نەوتی روونە، به‌ڵام گەورەترین دۆسییەکانی گەندەڵی بە هەدەردانی دارایی گشتی لە عێراق پەیوەستن به‌ فەرمانگەکانی باج و کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و پیشەسازی و شوێنی دیکە."

وائیلی ئاماژە بەوەشدا "وەستاندنی گەندەڵی دارایی و بە تاڵانبردنی ئەو کەرتانە، بڕێکی زۆر پارەی بە فیڕۆدراو بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە دەتوانرێت كاریگه‌ری لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە داراییە هه‌بێت، كه‌ وڵات پێیدا تێدەپەڕێت".

داوەش دەکات پێویستە وەزارەتی دارایی بە خێرایی هەنگاو بۆ راگرتنی ئەو تاڵانکارییە بنێت و لە یەکەم هەنگاویشدا حکومەتی ئەلیکترۆنی کارا بکات.