حكومەت دەیەوێت لامەركەزیەتی ئیداری لە ھەرێمی كوردستان بچەسپێنێت

ھەنگاوەكانی حكومەت بۆ چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداری

K24 - ھەولێر

ھەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، پێكھێنەری سەرەكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و ھاوڕان لەسەر كارنامە و جێبەجێكردنی بڕگەكانی كارنامەكە، بە گوتەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناكۆكییەكی ئەتۆ لەنێوان ئەو سێ لایەنەدا نییە بۆ چەسپاندنی سیستمی لامەركەزی وەك ئەوەی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ كراوە.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو 29/11/2020 ھەر یەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە، پاش کۆبوونەوەکەش ھەردوولا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، کە یەکێک لە بڕگەکانی پێشوازی لە ھەنگاوەکانی بەرەو پێشچونی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەن، ھەروەک چۆن لە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە. ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، ئەو گفتۆگۆیانەی لەو بارەوە کراون بۆ خۆیان گرنگن و جێگای ئومێدن، بۆیە ئەوان وەکو یەکێتی نیشتیمانی کە خۆیان بەشدارن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەو گفتوگۆ و ھەنگاوانە دڵخۆشن.

كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كارنامەی ھاوبەشی پارتی، یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانە و ئەوانیش بەردەوام پشتیوانی خۆیان بۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستان دوووپاتكردووەتەوە و رایانگەیاندووە كە  ناکۆکیەکی ئەوتۆ لەنێوان ئەو سێ لایەنەدا نییە بۆ چەسپاندنی سیستمی لامەرکەزی وەک ئەوەی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت ھاتووە.