چوار لیوای پۆلیسی فیدراڵی له‌ شنگال جێگیركران

په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبیش له‌ سه‌نته‌ری شنگال كشانه‌وه
kurdistan24.net

K24 - شنگال

دوو لیوای سوپای عێراق له‌گه‌ڵ چوار لیوای پۆلیسی فیدراڵی له‌ شنگال جێگیركران و په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبیش له‌ سه‌نته‌ری شنگال كشانه‌وه‌.

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە كوردستان24ی گوت: "نابێت هیچ هێزێكی چه‌كداری ناشه‌رعی له‌ شنگال و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان بمێنن، و رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و بوژانەوەی ناوچەكە".

لەپێناو جێبەجێكردنی رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، سوپای عێراق بە ھێزێكی زۆرەوە گەیشتووەتە شنگال و لیوای 66 و لیوای 72ی سوپای عێراق لە سەنتەری شنگال و ناحیەی سنونێ جێگیركراون، چوار لیوای پۆلیسی فیدرالیش لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوای كوردستان و شنگال جێگیركراون، بۆ ئەوەی رێگری لە ھەر پشێویەك لە ناوچەی سنووری بكەن.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەرھەمی ئەو رێككەوتنە دەچنینەوە كە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژۆ كراوە، ئەو رێككەوتنە زۆر گرنگە لەپێناو كاری ھاوبەش لەنێوان ئێمە و حكومەتی ھەرێمی كوردستان. دەبێ سەرجەم ھێزە نایاساییەكان لە شنگال بكشێنەوە و ھەموو كارێك دەكەین بۆ گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، دەبێ كاربكرێت بۆ بوژانەوەی ناوچەكە".

ئیلیاس قاسم، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی شنگالە و دەڵێ: "ئێمە دەمانەوێت ھێزێكی یاسایی لە شنگال ھەبێت، نەك حزب و ھێزە میلیشیاكان، بۆ ئەوەی خەڵكی شنگال بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و شنگال ئاوەدان بكرێتەوە".