"ژمارەیەك په‌رله‌مانتار ده‌نگیان به‌ كابینه‌ی حكومه‌ت داوه‌ و موزایه‌ده‌ش ده‌كه‌ن"

به‌شێكی په‌رله‌مانتاران كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان په‌كخست
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەشێك لەو پەرلەمانتارانەی بوونە ھۆكاری پەكخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، حزبەكانیان بەشداری سەرەكی پێكھێنانی حكومەتن و دەنگیان بەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و یاسای چاكسازی داوە، بەڵام بە گوتەی بەشێك لە پەرلەمانتاران "بەھۆی موزایدە و خۆدەرخستنی ھەندێك پەرلەمانتاران كۆبوونەوەی پەرلەمان پەكخرا" لە كاتێكدا بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە لەسەر پرسی مووچە پەرلەمان كۆببێتەوە.

ھێشتا دیارنییە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەكخرا، لەكاتێكدا بڕیاردرابوو ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان لەسەر بابەتی مووچە و بودجە كۆببێتەوە، بەشێك لەوانەی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان پەكخست، خۆیان لە حكومەتدان و دەنگیان بە كارنامەی كابینەكە و یاسای چاكسازی داوە، نوێنەرەكانی ئەوان لە شاندی دانووستانكاردا زۆرینەن.

لەوبارەوە زانا خالید، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "خەڵك ماندوە لەوەی دۆخی ژیانی باش نییە و مووچە دوادەكەوێت و گرتی زۆرمان لەگەڵ بەغدا ھەیە، بۆیە ناكرێت لە ھەرێمی كوردستان سەرەڕای ھەموو قەیرانەكان، قەیرانی سیاسیش دروست بكەین. ئەركی ئێمەی پەرلەمانتارانە یەكڕیز و یەكدەنگ بین و بە ھانای داخوازییەكانی خەڵكی كوردستانەوە بچین".

گوتیشی: "گرژییەكان لە دوا كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بووە ھۆكار بۆ ئەوەی ناكۆكیە سیاسییەكان زەق ببنەوە، بەداخەوە ئەوەی بینیمان لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێك لە ھاوبەشەكانمان لە حكومەت كاردانەوەی خراپ بوو، كە وادەكات شەقامی ھەرێمی كوردستان نائارام بێت".

ئەم كاتەی ئێستای ھەرێمی كورستان، لەھەموو كاتێك ناسكترە، بەو پێیەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆدایە لەسەر پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2021 بۆ جێگیركردنی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەمەش لایەنە سیاسییەكان نزیكبوون لەوەی ببنە خاوەن یەك گوتاری ھاوبەش بەرامبەر بەغدا، بەڵام پشێوییەكەی پەرلەمانی كوردستان خەریكە لایەنەكان لەیەكتر دووربخاتەوە.

سارا دڵشاد، پەرلەمانتاری پارتی گەشەپێدانی توركمانی دەڵێ: "بە تەپڵ لێدان و پشێوی نانەوە دانیشتنی پەرلەمان ناكرێت و ناتوانرێت باسی گرفتەكان بكەین، ئەمە تەنھا خۆدەرخستنە لەبەردەم كامێراكان و موزایەدەكردنە".

پەكخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمان لەلایەن ژمارەیەك فراكسیۆن و پەرلەمانتارەوە بە بیانووی مووچە و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، لەكاتێكدایە كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بەو مەرجەی ھەرێمی كوردستان ماف و شایستە داراییەكانی خۆی پێبدرێت.