ژمارەیەك كەس ھێرش دەكەنە سەر نەخۆشخانەی رزگاری لە ھەولێر

"لە كارمەندانی تەندروستیان داوە و كەلوپەلی نەخۆشخانەیان شكاندووە"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

درەنگانی شەوی رابردوو ژمارەیەك كەس ھێرشیان كردووەتە سەر نەخۆشخانەی رزگاری لە ھەولێر و لە كارمەندانی ئافرەتیان داوە و بەشێك لە كەلوپەلی نەخۆشخانەشیان شكاندووە.

د. لاوەند سەردار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھۆكاری رووداوەكە بەھۆی ئەوە بووە كە نەخۆشێك لە نەخۆشخانەكەمان گیانی لەدەستداوە، بەداخەوە كەسوكارەكەی ھێرشیان كردووەتە سەر كارمەندان و لە كارمەندانی ئافرەت و شوفێری ئامبوڵانسیان داوە".

روونیكردەوە: "ئەو نەخۆشەی كە گیانی لەدەستداوە تەمەنی 82 ساڵ بوو تووشی كۆرۆنا ببوو، لە 20/11/2020 بەھۆی ناجێگیری باری تەندروستی لە نەخۆشخانە خەوێندرا و لەژێر چاودێری چڕدابوو، ھەموو رێكارێكی تەندروستی بۆ گیراوەتەبەر، كاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كردووە، لەوكاتەدا كەسوكاری نەخۆشەكە ھێرشیان كردووەتە سەر كارمەندانی نەخۆشخانە،و كەلوپەلی نەخۆشخانە و ئامبوڵانسیان شكاندووە".

گوتیشی: "ھیچ كەمتەرخەمیمان نەبووە، بەڵام ئەگەر ھەشبێت خەڵك دەتوانێ لە رێگەی یاسا و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەولێر سكاڵام لەسەر بكەن".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری، راشیگەیاند: "ئەو كەسانەی ھێرشیان كردووەتە سەر نەخۆشخانە ژمارەیان زیاتر لە 50 كەس بووە، ھەندێكیان بە نایاسایی بە چەكەوە ھاتوونەتە ناو نەخۆشخانە، بە كامێرا وێنە گیراوە و دۆكیۆمێنتمان ھەیە، لە شوفێری ئامبوڵانس و سێ كارمەندیان داوە و قسەی نەشیاویان بە كارمەندی ئافرەت گوتووە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە رێگەی ھۆبەی یاسایی سكاڵامان لەسەر ئەو كەسانە تۆماركردووە كە ھێرشیان كردووەتە سەر نەخۆشخانە".