كارمەندانی کارگەى مافوورى سلێمانى "لەژێر نایلۆن كاردەكەن"

کارگەى مافوورى سلێمانى مەترسی داخستنی لەسەرە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

کارگەى مافوورى سلێمانى کە مێژووى دروستکردنى  دەگەرێتەوە  بۆ ساڵى 1997، لە  کارگەکەدا  فەرش و بەڕەى کوردى  و چەندین بەرهەمى دیکەى چنراو دروست دەكرێت، بەڵام ئێستا بەهۆى دابین نەکردنى  پێداویستییەکان بۆ ئەو کارگەیە، ئاستى بەرهەمهێنانیان کەمبووەتەوە و بەشێک لە فەرمانبەرانى کارگەکەش دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ئەمەش بە مەترسى لەسەر داخستنى کارگەکە دادەنرێت.

چیمەن  محمەد، پیشەوەرى جۆڵایى لە كارگەی مافووری سلێمانی دەڵێت: "بەھۆی گرنگی پێنەدانمان زۆربەی كارمەندەكانمان رۆیشتوون، لە كۆی 140 كارمەند ئێستا 45 كارمەند لە كارگەكەمان ماون، چونكە ھیچ پێداویستییەك بۆ كارگەی مافووری سلێمانی تەرخان ناكرێت، كارمەندەكانمان ھەمووی تووشی نەخۆشی بوون".

پێشتر زیاتر لە 28 دەزگاى جۆڵا و زیاتر لە 140 کارمەند لە كارگەی مافووری سلێمانی کارى مافوور چنینیان دەكرد، بەڵام ئێستا تەنها چەند کارمەندێک لەناو کارگەکەدا ماون.

رزگار عەزیز، بەڕێوبەرى کارگەى مافووری سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "قەیرانی دارایی كاریگەری نەرێنی زۆری كردە سەر كارگەی مافووری سلێمانی، بیرۆكەی زۆرمان ھەبوو بۆ كاركردن، بەڵام بە تەواوی بێ ئومێدبووین، ھەست دەكەین كارگەكە بەرەو داخستن دەچێت، بە نایلۆن دەوری كارمەندەكانمان داوە بۆ ئەوەی سەرمایان نەبێت، لە وەرزی ھاوینیش تەنھا لەبەر یەك موبەریدە كاردەكەن".