بایدن ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ گەڕانەوە بەرەو رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانی
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ گەڕانەوە بەرەو رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانی. روونیشیكردەوە، چاودێریكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران باشترین ئامرازە بۆ سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
بایدن لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیۆیۆرك تایمز" رایگەیاند: بەبێ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران "لەوانەیە دووچاری رەوشێك ببینەوە، كە تێیدا سعودییە، توركیا، میسر و وڵاتانی دیكەش لە ناوچەكەدا ھەوڵ بدەن چەكی ئەتۆمی بەدەست بخەن".
لە وەڵامی پرسیارێكدا، كە ئایا ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی؟، بایدن گوتی: "كارەكە ئاسان نابێت، بەڵام، بەڵێ" گوتیشی: "ئیدارەی داھاتوو بەنیازە بەھاوكاری لەگەڵ ھاوپەیمانان و ھاوبەشانمان، بەشداری لە دانوستاندا بكەین و رێككەوتنی دیكە ئەنجام بدەین بۆ بەھێزكردن و بەرفراوانكردنی ئەو كۆتوبەندانەی بەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیدا سەپێنراون، ھەروەھا ئەوانەی پەیوەستن بە بەرنامەی مووشەكی تارانەوە".
پێشتر بایدن رایگەیاندبوو، ئەگەر لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بباتەوە، پلان دادەڕێژێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەمەریكا بۆ ناو رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانی".
رێككەوتن و پرۆتۆكۆلێكی هاوپێچ لە نێوان ئێران و ئەندامانی ههمیشهیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (رووسیا، بەریتانیا، چین، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، فەرەنسا) و ئەڵمانیا لە ساڵی 2015 واژوو كرا، بەمەبەستی رێگاگرتن لە تاران بۆ پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بەرامبەر بە لابردنی سزاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێوشوێنە كۆتوبەندییە یەك لایەنەكانی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا دژ بە ئێران.
لە ئایاری ساڵی 2018 ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەفەرمی كشانەوەی خۆی لە رێككەوتنی ئەتۆمی راگەیاند.
سەرچاوە: روسیاالیوم