جوتیار عادل: له رێگه‌ی قه‌رزكردنه‌وه كورتهێنانی مووچه دابین ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێم په‌رۆشی ژیانی خه‌ڵكه و له سبه‌ینێوه ده‌ست به دابه‌شكردنی مووچه ده‌كرێت.
پوخته‌ی وته‌كانی جوتیار عادل
گوتی: له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا پرسی مووچه و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێكران. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختیكرده‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم له هه‌موو كه‌س زیاتر په‌رۆشی ژیانی خه‌ڵكی كوردستانه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، شایسته داراییه‌كان، مافی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستانه و هه‌رگیز سازش له‌سه‌ر ئه‌و مافانه ناكه‌ین. به‌رده‌وام ده‌بین له گفتوگۆ بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌رجه‌م ماف و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.
له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو، سه‌رۆك وه‌زیران له سۆنگه‌ی په‌رۆشی خۆی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی له‌سه‌ر هێڵ بووه، بۆ ناردنی 320 ملیار دیناره‌كه و به‌ڵێنیان داوه ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
خۆتان ده‌زانن، ئه‌و بڕه پاره‌یه دواكه‌وتووه و ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ره‌وشه‌ی هه‌یه، بڕیارمان دا سبه‌ی ده‌ست به دابه‌شكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت. داهات به‌شی ئه‌و هه‌موو موچه‌یه ناكات، بۆیه كورتهێنان هه‌یه و حكومه‌تی هه‌رێم 355 ملیۆن دۆلار كورتهێنانی هه‌یه و ته‌نیا (400) ملیۆن دۆلاری وه‌ك داهات هه‌یه و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه نزیكه‌ی (205) ملیۆن دۆلار قه‌رز ده‌كات و كاتێك پاره له به‌غداوه هات، ده‌درێته‌وه به خاوه‌ن قه‌رزه‌كان و ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌نێردرێت، (265) ملیۆن دۆلاره و (205)ی ده‌درێته‌وه به قه‌رز و (60) ملیۆن دۆلاری ده‌مێنێته‌وه و مانگی داهاتوو داده‌نرێته سه‌ر داهاتی هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی قه‌رز. به رێژه‌ی (%79) ته‌موویلی مووچه ده‌كرێت.
له بڕگه‌ی سێیه‌مدا، وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه بڕیارێكی له باره‌ی ده‌رماڵه‌ی كه‌مئه‌ندامانی فه‌رمانبه‌ر پێشنیاز كرد و بڕیاره‌كه په‌سند كرا و ئه‌و ده‌رماڵه‌یه چه‌سپێنرا له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ری كه‌مئه‌ندام.
له كۆتاییدا جه‌ختمان كرده‌وه له‌سه‌ر ماف و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم سازش له‌سه‌ر مافه‌كان ناكات و به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌وڵه‌كانی بۆ دابینكردنی ماف و شایسته داراییه‌كان.
پرسیاره‌كان:
* گرێبه‌ستی په‌نجا ساڵه و ئاماده‌یی حكومه‌ت بۆ چوونه په‌رله‌مان..
جوتیار عادل: به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان پێشه‌كی نافرۆشرێت و ته‌نیا بۆ به‌كارهێنانی بۆری خاكی توركیایه بۆ ناردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌ی هه‌شته‌م به هه‌موو هه‌وڵی خۆی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی واژووكرد، كه هه‌رێم له ره‌وشێكی خراپ‌دا بوو، فشاری ئابووری زۆر هه‌بوو، باشترین رێگه‌چاره بوو، ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم بتوانین نه‌وتی خۆمان له رێی توركیا هه‌نارده بكه‌ین و باشترین چاره‌سه‌ر بوو بۆ ئه‌و ره‌وشه داراییه‌ی ئه‌و كات هاتبووه ئاراوه و چاره‌سه‌رێكی لۆژیكی بوو، به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و گرێبه‌سته باسی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم به پێشه‌كی بۆ هیچ لایه‌نێك ناكات.
* فرۆشتنی موڵك و ماڵه‌كانی حكومه‌ت..
جوتیار عادل: موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت پۆلین كراوه و ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پێویستییه‌تی رێكخراوه و ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ئیشی پێی نییه به زیادكردنی ئاشكرا ده‌فرۆشرێت. له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌م بابه‌ته دیراسه كراوه و جه‌ردی موڵك و ماڵه‌كان كراوه و ئه‌وه‌ی گرنگ و پێویسته نافرۆشرێت و ئه‌وه‌ی ئیشی پێی نییه به زیادكردنی ئاشكرا یه‌كلا ده‌كرێته‌وه.
* دواین مووچه‌ی 2020 كامه‌یه..
جوتیار عادل: سبه‌ی ده‌ست به دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئۆكتۆبه‌ر ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی له توانای حكومه‌ت بێت ده‌یكات و گه‌شبینانه سه‌یری پرسه‌كه بكه‌ن.
* قه‌رز له كێ ده‌كه‌ن..
جوتیار عادل: پێشتریش قه‌رزمان كردووه و شتێكی ئاساییه و گرنگه بتوانین مووچه دابین بكه‌ین و گرنگه بتوانین وه‌ك حكومه‌ت هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ین و ئه‌و دۆخه سه‌خته تێپه‌ڕێنین.
* ئایا شاند ده‌چێته به‌غدا بۆ پرسی بودجه‌ی 2021
جوتیار عادل: له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا بڕیاردار له واده‌یه‌كی نزیكدا شاندێكی هه‌رێم ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت و پرسی ماف و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان تاوتوێ بكه‌ن و پرسی بودجه گرنگه و ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر پره‌نسیپ و بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
* هیچ ده‌سته‌به‌رییه‌ك هه‌یه بۆ دابینكردنی پشكی هه‌رێم له قه‌رزه‌كانی عێراق
جوتیار عادل: له سه‌رده‌می مسته‌فا كازمی ته‌نیا دوو مووچه ره‌وانه كراوه و به فه‌رمی داوامان كردووه چوار مووچه‌كه‌ی دیكه بنێرێت و به‌رده‌وام سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر هێڵ بووه و له به‌رامبه‌ردا مسته‌فا كازمی به‌ڵێنی داوه ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات.
* لیستی مووچه كامه‌یه؟
جوتیار عادل: ناتوانین موجازه‌فه به مووچه‌ی خه‌ڵك بكه‌ین و بڕیارمانداوه قه‌رز بكه‌ین و (%79)ی مووچه دابین بكه‌ین. پێشتر چۆن دابه‌شكراوه، به‌و جۆره دابه‌ش ده‌كرێت. شاندی حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌م نزیكانه سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و جه‌خت له‌سه‌ر ماف و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه.
ته‌نیا كێشه‌ی ئێمه موچه نییه، كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كان و شه‌راكه‌ت و ته‌وافق و پێشمه‌رگه‌یه، وه‌ك حكومه‌ت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه ده‌كه‌ین و حكومه‌ت لیژنه‌ی درووستكردووه و ئاماده‌كاری كردووه و پلانی هه‌یه و وه‌ك یه‌ك پاكێج سه‌یری ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قوربانیانه‌ی له رابردوودا داومانه به فیڕۆ نه‌چێت. خه‌ڵك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم سازش له‌سه‌ر ماف و شایسته‌داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ناكات.
* شاندی دانووستانكار و ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆ گفتوگۆ..
جوتیار عادل: ئه‌و شانده‌ی پێشتر له سێ شوێن و كات ئاماژه‌م پێدا، شانده‌كه به سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی و به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ویش ده‌بێت و به دڵسۆزانه كاری خۆی كردووه و هه‌ر ئه‌وانن نوێنه‌ری ره‌سمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن له به‌غدا.
* شاندی حكومه‌ت و په‌رله‌مان..
جوتیار عادل: سه‌رۆكی حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی پیشاندا شاندی دانووستانكار و هه‌ر شاندێكی دیكه بچنه په‌رله‌مان و وه‌ڵامی په‌رله‌مانتاران بده‌نه‌وه و هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه و ئاماده‌ین، هه‌ر پرسیارێكیان هه‌یه، وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه.
* لێبڕینی مووچه و چاره‌نووسی ئه‌و بڕه پاره‌یه..
جوتیار عادل: داهاتی هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه، ئه‌و داهاته له‌گه‌ڵ خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت ناگونجێت و به‌رده‌وام كورتهێنانمان هه‌یه بۆیه ده‌ستكراوه به چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی خاڵه سنوورییه‌كان، كه بڕێكی زۆر پاره‌یان تێدا به‌هه‌ده‌ر ده‌ڕوات و پێویسته ئێمه پلانێكی سه‌رتاسه‌ریمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵانس له نێوان خه‌رجی و داهات درووست ببێت. بۆیه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روانگه‌یه‌كی روونی هه‌یه و ده‌یه‌وێت به دوای جێگره‌وه‌ی نه‌وت بگه‌ڕێت بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و بواره و خه‌ڵكیش دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه، كه ئێمه جدیین. وه‌ك چاكسازی هه‌نگاوی زۆر باش نراون و پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری، كه جێگری سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رپه‌رشتی ده‌كات به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌و هاوسه‌نگییه درووست بكه‌ین.