نەتەوەیەكگرتووەكان: لەدوای شەڕی دووه‌می جیھانه‌وه‌ كۆرۆنا گەورەترین تەنگژەی مرۆڤایەتییە

ژمارەی ئەو كەسانەی دووچاری مەترسی برسییەتی بوونەتەوە دووبەرامبەر بووە

K24 – ھەولێر:

سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس"، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكەیان پێویستیی بە (35) ملیار دۆلارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەورەترین تەنگژەی مرۆڤایەتی لە دوای شەڕی دووه‌می جیھانه‌وه‌.

لە راگەیه‌ندراوێكدا بە بۆنەی بڵاوكردنەوەی راپۆرتی مەزندە مرۆڤایەتییەكانی جیھانی بۆ ساڵی داھاتوو، گۆتێرێس گوتی: "ساڵی (2020) وەك ھیچ ساڵێكی دیكە نەبوو، شەڕ و ململانێیەكان، گۆڕانی كەشوھەوا و ڤایرۆسە تاجییەكان، لە شەڕی دووه‌می جیھانیه‌وه‌  گەورەترین ته‌نگژه‌ی بۆ مرۆڤایەتیی درووستكرد".

سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەیكرد، "ژمارەی ئەو كەسانەی دووچاری مەترسی برسییەتی بوونەتەوە دووبەرامبەر بووە و بەسەدان ھەزار منداڵ ناتوانن پەیوەندی بە قوتابخانەكانیانەوە بكەن و ئاستی ھەژاری بۆ یەكەم جار دوای (22) ساڵ بەرز بووه‌تەوە".

گۆتێرێس جەختیكردەوە لەوەی پێویستە "جوڵه‌ بكرێت بۆ پشتیوانیكردنی ئەوانەی زیاتر دووچاری مەترسی بوونەتەوە لەم كاتە بێ پێشینەیەدا. ئێمە پێویستیمان بە (35) ملیار دۆلارە بۆ بەدەستھێنانی ھاریكاری بژێوی بۆ (160) ملیۆن كەس لەو توێژانەی رەوشیان زۆر لاوازە".

سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بانگەوازێكیشی ئاراستەكرد بۆ راگەیاندنی ئاشتییەكی جیھانی لەو ماوەیەی ماوە لەم ساڵەدا و لەم بارەوە گوتی: داوا لە ھەموو لایەنەكانی شەڕكەر و ئەوانەی دەسەڵاتیان بەسەریاندا ھەیە ده‌كه‌م، پشتیوانی لەم بانگەوازەی من بكەن بۆ ئاگربەستێكی جیھانی لە كۆتایی 2020"دا.