لەوانەیە لە كاتژمێرەكانی داھاتوودا پەیوەندییەكانی قەتەر و وڵاتانی كەنداو ئاسایی ببێتەوە

دوا ھەوڵی ئیدارەی ترەمپە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەیەكی كەنداو

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند سەرچاوەیەكی كەنداو بە پێگەی كەناڵی "الجزیرة نت"یان راگەیاندووە، لەوانەیە لە چەند كاتژمێری داھاتوودا، تەنگژەی كەنداو چارەسەر ببێت.

سەرچاوەكان ئاماژەیانكردووە، جوڵەی چالاك و گفتوگۆ لەم ساتەدا لە ئارادا ھەیە، كە لەوانەیە بە ئەنجامی گرنگ بگەن.

جارید كۆشنەر، راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا گەیشتبووە ناوچەكە لە چوارچێوەی دوا ھەوڵدا بۆ چارەسەركردنی ئەو تەنگژەیەی بەر لە سێ ساڵ دەستیپێكردووە.

ھەندێك سەرچاوەی بەرپرسیار لە ئیدارەی ئەمەریكا بە ئاژانسەكانی ھەواڵیان راگەیاندووە، كۆشنەر لە میانی گەشتەكەیدا چاوی بە جێنشینی سعوودییە، محه‌مەد بن سەلمان و میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی دەكەوێت.

لە حوزەیرانی ساڵی 2017، ھەر چوار دەوڵەت (سعوودییە، ئیمارات، بەحرەین و میسر) پچڕانی پەیوەندییەكانیان لە گەڵ قەتەر راگەیاند و ئابڵوقەیان بەسەردا سەپاند و 13 مەرجیان بۆ دۆحە دانا بۆ ئەوەی لەو ئابڵوقە و پچڕانی پەیوەندییەكان پاشگەز ببنەوە، بەڵام قەتەر ئەو مەرجانەی رەتكردەوە و بە دەستوەردان لە سەروەری و سەربەخۆیی بڕیاری نیشتیمانی دانا.