جۆ بایدن فەرموودەیەکی پێغەمبەر دەکاتە نموونەی قسەکانی

"ئیسلام یەکێکە لە ئایینە گەورەکان"

K24 - هەولێر

جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا و دیارترین کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام بە نموونە دەهێنێتەوە لەکاتێکدا باسی موسڵمانانی وڵاتەکەی دەکات.

رۆژی دووشەممە، جۆ بایدن لە لووتکەیەکی ئۆنلایندا تێبینییەکانی خۆی لەبارەی ئیسلام و مامەڵەکردن لەگەڵ موسڵمانان لە وڵاتەکەی گوت. دوای ئەوەی ژمارەیەک کەسایەتی موسڵمان لە ئەمەریکا ئاشکرایان کرد، پاڵپشتی لێ دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا.

جۆ بایدن گوتی "ئیسلام یەکێکە لە ئایینە گەورەکان"، بۆیە هیواخوازە لە قوتابخانەکان زیاتر لەبارەی ئایینی ئیسلام بخوێنرێت.

کاندیدەکەی دیموکراتەکان سەرزەنشتی ترەمپی کرد و تۆمەتباری کرد بەوەی "ئاگری لەدژی موسڵمانانی وڵاتەکەی خۆشکردووە".

ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) "من رأى منكم مُنكرا فليغيره بيده، فإن لم يستطع فبلسانه، فإن لم يستطع فبقلبه، وذلك أضعف الإيمان"، کە دەڵێ "هەرکەسێک لە ئێوە شتێکی خراپی بینی با بیگۆڕێت، ئەگەر نەیتوانی با بە زمانی بیگۆڕێت، ئەگەر هەر نەیتوانی با بە دڵی بیگۆڕێت، کە ئەمەش لاوازترین ئیمانە"، بایدن ئەو فەرموودەیەی وەکو نموونەیەکی جوان لەبارەی ئایینی ئیسلام هێنایەوە.

بایدنی تەمەن 77 ساڵ پەیمانی دا ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا ئەو قەدەغەی هاتووچۆیە هەڵبگرێت، کە ماوەی سێ ساڵە لە ئەمەریکا لەسەر بڕیاری ترەمپ جێبەجێ دەکرێت و میدیاکان ناویان لێناوە "قەدەغەی هاتنی موسڵمانان".

ترەمپ کاتێک سەرەتا بووە سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2017، هەرزوو بڕیاریدا هاتنی خەڵک لە وڵاتانی: ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سووریا، یەمەن، کۆریای باکوور و ڤەنزوێلا بۆ وڵاتەکەی قەدەغە بکات، بەڵام جۆ بایدن دەڵێ، دەتوانێت لە یەک رۆژدا تانە لەو بڕیارە بدات، ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەی سەرکەوتوو بێت.