چیرۆكی كۆڵنه‌دانی مامۆستایه‌ك

نازدار رۆژانه‌ چه‌ندین كاتژمێر رێگه‌ له‌ پێناو قوتابیان ده‌بڕێت

K24 – ھەولێر:

باسی چیرۆكی مامۆستایه‌ك له‌ گوندێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ین، رۆژانه‌ چه‌ندین كاتژمێر رێگا ده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ی هێڵی ئینته‌رنێتی ده‌ستبكه‌وێت و به‌ ئۆنلاین وانه‌ به‌ قوتابیان بڵێته‌وه‌.

نازدار مامۆستای قوتابخانەی گوندێكی رۆژھەڵاتی كوردستانە، لەو گوندە و چەند گوندی دیكە ئینتەرنێت نییە، لەكاتێكدا قوتابخانەكان داخراون و قوتابیان دەبێت بە ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بخوێنن، ئەو ماموستایە كۆڵ نادات و رۆژانە چەند كاتژمێر رێگه‌ ده‌بڕێت، بۆ ئەوەی لە بەرزاییەك و شوێنێكی دیكه‌ دەستی بە هێڵی ئینتەرنێت رابگات و وانەی قوتابیان دابەزێنێت.

مامۆستا نازدار، مامۆستای گوندی باب خالاوێی شاری "شنۆ"یە، ئەو بەھۆی نەبوونی ئینتەرنێت، دەچێتە سەر بەرزاییەكان بۆ ئەوەی خەتی ئەنتەرنێتی ھەبێ و وانەی قوتابیان دابەزێنێت.

نازدار ئەفشەنگ، مامۆستای قوتابخانە گوتی: بەھۆی نەبوونی ئینتەرنێت، ھەموو رۆژێك دەبێت رێگەیەكی زۆر ببڕم و بێمە سەر ئەو بەرزاییانە، بۆ ئەوەی بتوانم وانەكانم بە ئۆنلاین بە قوتابیان بڵێمەوە، ئەوە كێشەی چەند گوندێكی دیكەیە و داوا لە بەرپرسان دەكەم چارەسەری ئەو دۆخەمان بۆ بكەن.

مامۆستا نازەنین ویستی بەو گرتە ڤیدۆییە كێشەكانیان بە بەرپرسان بگەیەنێت، كەچی پێیان گوتووە، نابێت بەھیچ شێوەیەك قسە بۆ میدیاكان و تەنانەت خەڵكی ئاسایی بكەیت، بەڵام خەڵكی گوندی باب خالاوێ پێیانوایە ئەگەر مامۆستا نازەنین نەبا، ئەو كێشە گەورەیەیان لەو چەند گوندە بچووكە و پەراوێزخراوەدا دەمایەوە.

بەھۆی تەشەنەكردنی زیاتری كۆرۆنا قوتابخانەكان لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان داخران و وەكو جێگرەوەش ئەپلیكەیشنێك بەناوی شاد بە قوتابیان درا، بۆ ئەوەی وانەكانی لەسەر بخوێنن، بەڵام نەبوونی ئینتەرنێتی پێویست و گرانبوونی مۆبایل و لاپتۆپ كێشەی بەردەم زۆربەی قوتابیان بوو، ئێستا مامۆستا نازدار خەڵكی ئەو گوندانەی دڵخۆش كردووە، كە دەنگیانی بە بەرپرسان و بگرە رای گشتی ئێرانیش گەیاندووە.

گوندی باب خالاوێ وەكو سەدان گوندی دیكەی رۆژھەڵاتی كوردستان كێشەی نەبوونی ئینتەرنێتیان ھەیە، لەكاتێكدا سەدان ھەزاران قوتابی ئەو گوندانە دەبێت لە جێگەی پۆلەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی بخوێنن، لەو دۆخەشدا مامۆستا نازدار رۆژانە بەو بەفر و بەستەڵەكەدا رێگە دەبڕێت، بۆ ئەوەی لە بەرزاییەكدا وانەكان داونلۆد بكات، تاوەکو ئەوەی منداڵانی ئەو گوندانە لەگەیشتن بە ئاواتەكانیان دوا نەكەون.