نێیمار قسەی دڵی خۆی کرد

K24 - هەولێر

نێیمار داسیلڤا، هێرشبەری بەڕازیلی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا هەموو شتێکی دڕکاند و رایگەیاند دەیەوێت وەرزی داهاتوو لەگەڵ لیۆنێل میسی یاریی بکات.

دوای یاریی یانەکەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد لە گەڕی پێنجەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، هێرشبەرەکەی شازادەکان بە ماڵپەری ESPNـی ئەمریکی گووت '' ئەوەی زیاتر لە ئێستا دەمەوێت، ئەوەیە کە وەرزی داهاتوو لەگەڵ لیۆنێل میسی یاریی بکەم، بۆ ئەوەی بتوانین جارێکی دیکە پێکەوە لە ناو یاریگە چێژ وەربگرین، ئەو دەتوانێت لە شوێنی من یاریی بکات و هیچ کێشەیەکی نیە، دەمەوێت دووبارە لەگەڵ ئەو یاریی بکەم و دڵنیام وەرزی داهاتوو ئەمە روو دەدات ''.

نیمۆ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەتەوێت وەرزی داهاتوو لە بارسێلۆنا لەگەڵ میسی یاریی بکەیت یاخود یانەیەکی دیکە، ئامادە نەبوو وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، بۆیە ئەو قسانەی یاریزانە بەڕازیلیکە گومان لەسەر داهاتووی یاریزانە ئارجێنتیناییەکەش دروست کردووە.