عێراق پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبا بە كەنداو دەست پێدەكات

"ھاوینی ساڵی داھاتوو كارەبا لە بەغدا لە 20 كاتژمێر كەمتر نابێت"

K24 - ھەولێر

عێراق دەستی بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی بەستنەوەی ھێڵی كارەبا، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و رێگەپێدان بە دامەزراندنی وزەی خۆر كردووە.

وەزارەتی كارەبای عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیداوە، عێراق دەستی بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی تایبەت بە بەستنی ھێڵی كارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دامەزراندنی پڕۆژەی وزەی خۆر کردووە، كە 5 پارێزگای عێراق لەخۆدەگرێت.

راشیگەیاندووە، مستەفا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی پێكھێناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا لە بەغدا و جەختدەكاتەوە، پلانێك ھەیە بۆ ئەوەی لە وەرزی ھاوینی ساڵی داھاتوو كارەبا لە بەغدا لە 20 كاتژمێر كەمتر نەبێت، چونكە ھاوینی رابردوو بەغدا كەمترین كارەبای ھەبووە.

جەختیشیكردەوە، رێگەپێدان بە دامەزراندنی وزەی خۆر نزیكبووەتەوە، ئەوە بێجگە لە بەردەوامبوونی عێراق لە پڕۆژەكانی بەستنی كارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.