سه‌نگه‌سه‌ر.. له‌ كێشه‌ی نێوان دوو دراوسێدا 6 كه‌س برینداربوون

باوکێك و دوو کوڕ و کچێکی بە برینداری گەیەندرانە نەخۆشخانە

K24- راپه‌ڕین:

کاتژمێر 6:00 ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی سەنگەسەری سەر بە قەزای پشدەر (قەڵادزێ) شەڕ لەنێوان دوو دراوسێ روویدا و بەو هۆیەشەوە 6 كه‌س برینداربوون.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، له‌ یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ باوکێك و دوو کوڕ و کچێکی برینداربوون و بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە باوك و کچەکە ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی رانیه‌ كران و 2 كه‌سیش له‌ خێزانه‌كه‌ی دیكه‌ بریندار بوونه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، دوای رووداوەکە دەستبەجێ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.

دوای گەیشتنی بریندارەکان دەرکەوت کە شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەی چوار بریندارەکەوە هەیە و سەرجەمیان ئەندامی یەك خێزانن.

به‌گوته‌ی پۆلیسی راپه‌ڕین، تائێستا هۆکاری رووداوەکە نەزانراوە و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، بارودۆخەکەش كۆنترۆڵ كراوە.

هه‌ر لەسەر ئه‌و رووداوه‌ 2 کەس لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەنگەسەر دەستبەسەر کراون، لێکۆڵینەوەش لەسەر رووداوەکە بەردەوامە.

H.B