لە مانگێكدا 46 هاووڵاتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون

"بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئۆکتۆبەر دەستگیركردنی ھاووڵاتییان بە رێژەی 20% بەرزبووەتەوە"

K24 - ھەولێر

مانگی رابردوو 46 هاووڵاتی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی نۆڤەمبەری 2020 دا، 46 هاووڵاتیی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەدەنی، مەزهەبی دەستبەسەر کراون، کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئۆکتۆبەر دەستگیركردنی ھاووڵاتییان بە رێژەی 20% بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەكە، لەو ژمارەیەشدا 37 کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها 7 کەس بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و 2 کەس بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی دەستگیر كراون.

روونكراوەتەوە، 21 کەس لە پارێزگای سنە، 13 کەس لە ورمێ و 12 هاووڵاتیش لە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کراون.