پەرلەمانتارێكی ئوسترالیا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات پاڵپشتی کوردستانێکی سەربەخۆ بکات

"زیاتر لە سەدەیەکە هەوڵەکانیان بۆ سەربەخۆبوون بە جینۆساید و مەینەتی وەڵامدراوەتەوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێکی ئوسترالیا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات پاڵپشتی لە دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بکات.

ئاندرو وۆڵکی، نوێنەری تاسمانیا لە پەرلەمانی ئوسترالیا سکاڵانامەیەکی ئامادەکردووە و تیایدا داوای لە پەرلەمان و حکومەتی ئوسترالیا کردووە بۆ پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەلی کوردستان، پاڵپشتی لە دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بکەن.

ئاندرو دەڵێ: "لەم سکاڵانامەیە داوا لە حکومەتی ئوسترالیا دەکەم پاڵپشتی لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان بکات، بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ. سەربەخۆ بوونی کوردستان کاریگەری زۆری لەسەر ئاواتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی کوردی دەبێت. زیاتر لە سەدەیەکە هەوڵەکانیان بۆ سەربەخۆبوون بە جینۆساید و مەینەتی وەڵامدراوەتەوە و بەردەوام هەوڵەکانیان بۆ سەربەخۆبوون لەنێوبراون".

دەشڵێ: "لەم سکاڵانامەیەدا داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم دان بە مافی گەلی کوردستان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بنێت، کە لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە بەڵێنیان پێدرابوو، کە ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی، چونکە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی خۆیان بەڕێوەببەن و بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک دەستوەردان لە کاروباریان بکات".