چوار خاڵ لە ليژنەی باڵای ئارامیی سلێمانییەوە

"ھیچ کۆبوونەوەو گردبوونەوەیەک بەبێ رەزامەندی پێشوەختە رێگە پێدراو نییە"

K24 - ھەولێر

لەبارەی گردبوونەوە و توندوتیژییەكان، ليژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی چوار خاڵ دەخاتەڕوو، راشیدەگەیەنێت، ھیچ کۆبوونەوەو گردبوونەوەیەک بەبێ رەزامەندی پێشوەختە رێگە پێدراو نییە.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە، شێواندنی ئارامی شار و راگرتنی جوڵەی بازاڕ لەم قەیرانە ئابوورییە قوڵەدا لە بەرژەوەندییی توێژەكانی كۆمەڵگەدا نییە.

ليژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە كەناڵەكانی راگەیاندن لە چوارچێوەی یاسا رێگاپێدراوەكاندا روماڵی رووداوەكان بكەن و ئیتیكی رۆژنامەوانیی لەبەرچاو بگرن و هێزەکان ئارامیی و ئاسایش بپارێزن و خۆیان لە هەر رووبەڕووبونەوەو توندوتیژییەک بەدووربگرن.

دەقی راگەیەندراوی ليژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی:..

‎١-هەر کۆبوونەوەو گردبوونەوەیەک بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختەی لیژنەی باڵای ئارامیی رێگەپێدراو نییەو، شێواندنی ئارامی شار و راگرتنی جوڵەی بازاڕ لەم قەیرانە ئابوورییە قوڵەدا لە بەرژەوەندییی توێژەكانی كۆمەڵگادا نییە.

‎٢- خۆپیشاندانی مەدەنییانە و ئاشتیانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داواکارییە رەواکان لە چواچێوەی یاسادا؛ يەکێکە لە مافە رەواکانی خەڵک و پارێزگاریی لێدەکەین.

‎٣- پێویستە كەناڵەكانی راگەیاندن لە چوارچێوەی یاسا رێگاپێدراوەكاندا روماڵی رووداوەكان بكەن و ئیتیكی رۆژنامەوانیی لەبەرچاو بگرن.

٤ـ پێویستە هەموو هێزەکان ئارامیی و ئاسایش بپارێزن و خۆیان لە هەر رووبەڕووبونەوەو توندوتیژییەک بەدووربگرن.