مۆسكۆ، پاریس و واشنتن داوای دەستبەجێ كشانەوەی چهكداره بیانییهكان لە قەرەباغ دهكهن
.jpg)
K24 – ھەولێر:
رووسیا، فەرهنسا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئەمڕۆ پێجشەممە داوایان كرد دەستبەجێ تەواوی بەكرێگیراوان لە ناوچەی قەرەباغی ململانێ لەسەر لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بكشێندرێنەوە.
ئەم داوایە، ئەمڕۆ لە میانی راگەیاندراوێكی ھاوبەشدا ھات لە لایەن سەرۆك شاندەكانی ئەو سێ دەوڵەتەوە، كە سەرۆكایەتی كۆمەڵەی "مینیسك"ی سەر بە رێكخراوی ئاسایش و ھاریكاری لە ئەوروپا دەكەن و تایبەتە بە چارەسەركردنی ململانێی قەرەباغ.
لە راگەیاندراوەكەدا، وەزیر دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جان ئێف لۆدریان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ستیڤن بێگان پێشوازییان لەو رێككەوتنەی ئاگربەست كرد، كە لە نێوان باكۆ و یەریڤان بە ناوەندگیری مۆسكۆ ئەنجامدراوە. دواشیان لە ھەردوو لا كرد، بە تەواوی پابەندی رێككەوتنەكە و ئەو بەرپرسیارییەتەی دەكەوێتە سەریان بن، بەپێی راگەیاندنە سێ لایەنەكەی 9ی تشرینی دووەم.
داواشیان كرد، "تەواوی بەكرێگیراوانی بیانی بەخێرای لە ناوچەكە بكشێندرێنەوە و داوایان لە ھەموو لایەنەكان كرد پەلە بكەن لە كشاندنەوەیان".
ھەروەھا لە راگەیاندراوەكەدا، بەرپرسیاریەتییەكانیان بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بەبیر ئەرمینیا و ئازەربایجانیان ھێناوەتەوە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكان و لاشەی كوژراوەكان.
جەختیشكراوەتەوە لەسەر گرنگی ئامادەكردنی دۆخی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بە ئازادانە بۆ ناوچەكانیان.
داواشیان لە خاچی سوور و دەزگاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە، ھەنگاوەكانی كردەیی بگرنەبەر لەپێناو باشكردنی دۆخی مرۆیی لە قەرەباغ. ھانی باكۆ و یەریڤانیان دا بۆ سوودوەرگرتن لە ئاگربەست بۆ دانوستانكردن لەسەر ئاشتییەكی بەردەوام لە ژێر چاودێری رێكخراوی ئەمن و ھاریكاری لە ئەوروپا.
سەرچاوە: RT