كوێستان محه‌مه‌د: زیاتر له 12 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری خاوه‌پێداویستی تایبه‌ت ده‌رماڵه‌یه‌كی تایبه‌تیان پێ ده‌درێت
K24 – هه‌ولێر:
"كوێستان محه‌مه‌د"، وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا زۆر كاری گرنگ بۆ خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته‌كان كراوه و به بڕیارێكی حكومه‌ت، (12) هه‌زار و (30) خاوه‌نپێداویستیی تایبه‌ت له بری ئه‌وه‌ی دووجار سوودمه‌ندبن له بودجه‌ی گشتیی، ئه‌و مینحه (100) هه‌زارییه‌ی مانگانه پێیان ده‌درا، وه‌ك ده‌رماڵه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌خرێته سه‌ر مووچه‌كانیان له دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا.
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24"، "كوێستان محه‌مه‌د" باسی له روانگه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد، بۆ پرسی خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته‌كان و گوتی: "ئێمه هه‌رگیز به چاوی به‌زه‌یی ته‌ماشای كه‌مئه‌ندام ناكه‌ین، به‌ڵكو به چاوی تاكی كاریگه‌ر سه‌یریان ده‌كه‌ین، بۆیه كاری ئێمه ئه‌وه‌یه گه‌شه به تواناكانیان بده‌ین، هه‌وڵبده‌ین ده‌ستگیرۆییان بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی بتوانن تواناكانیان ده‌ربخه‌ن و كاری گرنگ ئه‌نجام بده‌ن".
گوتیشی: "وه‌ك وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونمان، چه‌ند كارێكی گرنگمان بۆ كه‌مئه‌ندامان كردووه، له‌وانه به‌ستنه‌وه‌ی شایسته‌ی كه‌مئه‌ندامان، كه به ناڕه‌وا نزیكه‌ی (15) هه‌زار كه‌مئه‌نجام بڕابوو، به ره‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی، ئه‌م شایسته داراییه‌یان بۆ گه‌ڕێندرایه‌وه، یاسای كه‌مئه‌ندامان، كه پێمانوایه هه‌موو مادده‌كانی جێبه‌جێنه‌كراوون، هه‌ندێك مادده‌ی خه‌وشی تێدایه، به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی بواری كه‌مئه‌ندامان، پڕۆژه‌ی هه‌مواری یاساكه‌مان ئاماده‌كردووه، له ئه‌نجوومه‌نی شوورا چووه‌ته ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ئێستا له‌به‌رده‌می لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دایه، بۆئه‌وه‌ی په‌سندی بكه‌ن و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی بكه‌ن".
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، له دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا ره‌چاوی مافی خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته‌كان كراوه و به‌شێكیان فه‌رمانبه‌ری پله باڵان و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "له وه‌زاره‌ته‌كه‌ماندا خاوه‌ن پێداویستی هه‌یه، پله‌ی شیاوی هه‌یه، بۆ نموونه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاودێری گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی، به‌ڕێو‌به‌ره‌كه‌ی نابینایه، كه‌سانی دیكه هه‌ن و پۆستیان هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ خاوه‌ن پێداویستییه‌كی تایبه‌تی ئێمه، كه نابینایه، بڕوانامه‌ی دكتۆرای به‌پله‌ی زۆر باش به‌ده‌ستهێناوه، ئێستا رێكخراوێك له زاخۆ پڕۆژه‌یاسایه‌كیان ئاماده‌كردووه، تێیدا داوای ئه‌وه ده‌كرێت له په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ده‌نگی كۆتایان هه‌بێت، داوام لێكردوون، بێن بۆ وه‌زاره‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه یاساكه‌یان ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی شوورا بكه‌م و كاری له‌سه‌ر بكرێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌وڵێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كار به سیستمی "كۆتا" بكرێت بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته‌كان له دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "له خوولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان دوو خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به توانای خۆیان گه‌یشتنه په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ئه‌گه‌ر پشتیوانییه‌كی به‌هێز نه‌بێت، خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ئه‌و ده‌نگه به‌ده‌ست ناهێنێت، بۆ مسۆگه‌ركردنی ته‌واو 100%، تاوه‌كو بتوانن بگه‌نه په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، ببنه داكۆكیكاری راسته‌قینه‌ی ئه‌و كه‌سانه، كۆتا هه‌بێت باشتره، چونكه له هه‌موو خووله‌كان ئه‌ندامیان ده‌بێت، ئه‌مانه پێویسته پشتیوانیان بكرێت، تاوه‌كو پله‌ی شیاوی خۆیان هه‌بێت و بگه‌نه په‌رله‌مان".
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، له‌م كابینه‌یه‌دا، هه‌وڵدراوه ده‌ستكاری مووچه‌ی خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته‌كان نه‌كرێت و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "به‌داخه‌وه به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه، مووچه‌ی مووچه‌خۆران دواده‌كه‌وێت، مووچه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تیش دواده‌كه‌وێت، به‌ڵام له كابینه‌ی پێشوودا، كاتێك پاشه‌كه‌وتی مووچه كرا، به دوو مانگ جارێك روبعه مووچه ده‌درا به مووچه‌خۆران، به‌ناڕه‌وا له مووچه‌ی كه‌مئه‌ندامان پاشه‌كه‌وت ده‌كرا، به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌دا كاتێك كۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵدا و قه‌یرانی دارایی درووست بوو، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری لێبڕینی دا، ئێمه داوامان كرد، نابێت لێبڕین مووچه‌ی كه‌مئه‌ندامان بگرێته‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سندی كرد".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "ئه‌مه یه‌كێكه له‌ده‌ستكه‌وته‌كان، خاڵێكی دیكه‌ی كه دوێنێ له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری لێ درا، ئه‌وه‌یه، به‌پێی یاسای چاكسازی نابێت هیچ كه‌سێك دوو جار سوودمه‌ندبێت له بوودجه‌ی گشتی، (12) هه‌زار و (30) كه‌مئه‌نداممان هه‌یه، كه فه‌رمانبه‌رن و مینحه‌یه‌كی كه‌می (100) هه‌زارییان هه‌بوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه جێبه‌جێبكرابووایه، ئه‌و (12) هه‌زار و (30) كه‌سه، ئه‌و (100) هه‌زاره‌یان لێده‌بڕا، بۆیه ئێمه ده‌ستكاری یاساكه‌مان كرد و مادده‌یه‌كمان بۆ زیاد كرد، ئه‌م (100) هه‌زاره ببێته ده‌رماڵه، بۆ فه‌رمانبه‌رانی كه‌مئه‌ندام ئه‌م سوودانه‌ی هه‌یه، یه‌كه‌م: حاڵه‌تی شایسته‌ییان نابڕێت، دووه‌م: كه‌مئه‌ندام ناچار نابێت دوو جار بچێته بانك مووچه وه‌ربگرێت، سێیه‌م: له‌كاتی خانه‌نشینیشدا به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆیه ئه‌وه‌ی له‌تواناماندا هه‌بووبێت، له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و له‌گه‌ڵ دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان گونجاوبێت، هه‌وڵمانداوه به هاوكاری هاوكارانم له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، توانیومانه كاری باش بۆ كه‌مئه‌ندامان ئه‌نجام بده‌ین".
سه‌باره‌ت به هاوكارییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ توێژه هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له كابینه‌ی نۆیه‌م، گوتی: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای ته‌شه‌نه‌كردنی كۆرۆناوه هاوكاری به‌سه‌ر هه‌ژاران و خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت دابه‌شكردووه، (3) جار هاوكاری دابه‌شكردووه، جارێكیان (50) كیلۆ ئارد له‌گه‌ڵ (5) كیلۆ نیسك و (4) ده‌به زه‌یت و دۆشاوی ته‌ماته بوو، جارێ دووه‌م، (50) كیلۆ برنج و (3) ده‌به زه‌یت بوو، ئه‌مجاره‌شیان بڕی (100) هه‌زار دینار بوو، به‌ڵام ئه‌م (100) هه‌زاره ته‌نیا بۆ یه‌ك جاره، ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین، چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا په‌سند بكرێت، بۆئه‌وه‌ی لیستێكی خاوێن له‌به‌رده‌می حكومه‌تدا هه‌بێت، بۆ هه‌ر پێشهاتێكی له‌مجۆره، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر كاتێك ره‌وشی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاستێكی باشی به‌خۆه‌وه بینی، بتوانین بۆ ئه‌م هه‌ژارانه مووچه‌یه‌كی مانگانه‌یان بۆ ببڕینه‌وه".