210 ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لە رۆژھەڵاتی كوردستان ھەن

تاكو ئێستا حكومەت تەنانەت عارەبانەییەكیشی بۆ دابین نەكردوون
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

لە رۆژھەڵاتی كوردستان زیاتر لە 210 ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەت ناویان لە ناوەندە فەرمییەكان تۆماركراوە، بەشێكی زۆر لەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە كێشەی دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیانیان ھەیە و دەڵێن: تاكو ئێستا حكومەت تەنانەت عارەبانەییەكیشی بۆ دابین نەكردوون.

سارا زیاتر لە 20 ساڵە ھەردوو قاچی ئیفلیج بووە، ئەو یەكێكه‌ لەو دەیان ھەزار خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی رۆژھەڵاتی كوردستان، كە لەماڵدایە و بەگوتەی خۆی حكومەت هاوكاریان ناكات و لەدۆخێكی خراپی ئابووریدا دەژین.

لە رۆژھەڵاتی كوردستان ناوی زیاتر لە 210 ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەت تۆماركراوە. پارێزگای ورمێش بە 60  ھەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت، زۆرترین رێژەی ھەیە. ئەوە لەكاتێكدایە ژمارەیەكی زۆریش ناویان تۆمار نەكراوە. كێشەی سەرەكی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە دابینكردنی پێداویستییە تایبەت و سەرەتاییەكانی ژیانی خۆیانە.

سامان پەریوەر، خاوەن پێداویستی تایبەت گوتی: تەنانەت عارەبانەیەكیشیان بۆ دابین نەكردووین و خێرخوازان بۆمانیان دابینكردوون.

رۆژی 3ی كانوونی یەكەمی ھەموو ساڵێك، رۆژی جیھانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانە، داواكاری خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان زۆر نین، ئەوان تەنیا داوای پێداویستی سەرەتایی رۆژانە و عارەبانەیەك دەكەن، كە دابینكردنیان تاكو ئێستاش بۆ ھەندێكیان ھەر وەكوو خەون وایە.