گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت خۆبه‌خشانه‌ كاری پارێزه‌ری ده‌كات

تا لەژیاندابم، بێ بەرامبەر کاری پارێزەری بۆ دەستکورت و کەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکەم

K24 – سلێمانی:

سێی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دیاریکراوە. گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، زیاتر لە حەوت ساڵە بە خۆبەخشانە کاری پارێزەری بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسانی نەدار و دەستکورت دەکات.

ھەر لە زگماکەوە چاوەکانی بینایيان تیدا نیە، حەوت ساڵە، بەخۆبەخشانە کاری پارێزەری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکات.

شاناو، مانگ نیە چەند دۆسیەیه‌کی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان وەرنەگرێت تا لەڕێگای دادگاوە مافیان بۆ وەربگرێتەوە.

شاناو پێشڕەو، پارێزەری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان گوتی: ده‌مەوێت سوودێکم بۆ کۆمەڵگه‌ ھەبێت، پارە گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە ماف بۆ کەسێکی مافخوراو وەربگیرێتەوە.

خۆبەخشانە تەنھا کاری پارێزەری بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ناکات؛ بەڵکو ھەرکەسێک باروگوزەرانی خراپ بێت، بەھەمان شێوە بێ بەرامبەر کار لەسەر دۆسیەکەی دەکات.

ئەم گەنجە پارێزەرە جەختیكردەوە: "تا لەژیاندابم، بێ بەرامبەر کاری پارێزەری بۆ دەستکورت و کەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەكەم".

زۆرن ئەوانەی سەرباری لەدەستدانی ئەندامێکی جەستەیان بەردەوام خزمەت بە کۆمەڵگه‌ دەکەن، چ جا کەسانێک بن ھەمان گرفتیان ھەبێت یان کەسانی لەش ساغ و دەستکورت و نەدار بن.