لایه‌نه‌كانی عێراق بودجه‌ی 2021 به‌ سیاسی ده‌كه‌ن

بودجه‌ی 2021ـی عێراق بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كارده‌هێنرێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

پسپۆڕانی بواری دەستوور و چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن لایەنە عێراقیەکان پرۆژە یاسای بودجەی 2021 تێکەڵی سیاسەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دەکەن، وەک بانگەشەیەکی هەڵبژاردن بەرامبەر شەقامی عێراقی بەکاری دەهێنن دەشڵێن: بەشێک لە نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا ئەو سیاسەتەی عێراق جێبەجێدەکەن بۆ ئەوەی کورد بە کێشە سەرەکییەکانی دیکەوە سەرقاڵ نه‌بێت.

بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەڕۆین ئەمەش لە کاتێکدايه حکوومەتی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ە. لە نێوان هەولێر و بەغداش گفتوگۆ هەیە بۆ رێککەوتن؛ بەڵام بەشێک لە لایەنە عێراقیەکان ئەم پرسە بە سیاسی دەکەن و بودجە بە کێشە سیاسیەکان دەبەستنەوە بۆ ئەوەی کورد بخزێننە نێو ئەو هاوپەیمانیەی بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دەیانەوێت پێکیبهێنن.

محەمەد شەهاب، پسپۆڕی دەستووری گوتی: لایەنە عێراقیەکان گەر پێی خۆیان لە حکوومەت گرت پابەندی رێککەوتنەکان نابن.

لە دوای 2014 وە حکوومەتی عێراق پابەندی ئەو رێککەوتنانە نەبووە، کە لەسەر یاسای بودجەوە لە نێوان هەولێرو بەغداوە واژوو کراون، ئەویش لە پێناو ئەوەی کورد سەرقاڵی چارەسەری ئەو کێشانەی دیکەی نەبێت كه لە نێوان هەولێرو بەغدا هەیە.

ساڵح عومەر، چاودێری سیاسی گوتی: ئەو سیاسەتەى حکومەتەکانی عێراق بە بەشداری بەشێک لە نوێنەرانی کورد جێبەجێدەکرێت بۆ بێهێزکردنی قەوارەى سياسى و ياسايى هەرێمی کوردستانە.

کێشە سەرەکیەکانی نێوان هەولێرو بەغدا زۆرن، بەڵام بەغدا بە ئامانجی چەند مەبەستێک بودجەی زەق کردوەتەوە بۆ ئەوەی کورد نەپرژێتە سەر چارەسەری کێشەکانی دیکە، پسپۆڕانی دەستووری و چاودێرانی سیاسی دەڵین: عێراق تێپەڕانی بودجەی 2021یش دەبەستێتەوە بە سیاسەتی هەڵبژاردنەکان و دژی هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنێت.