هه‌رێمی كوردستان داوای شایسته‌ داراییه‌كانی له‌ به‌غدا ده‌كات

بڕیاره‌ شاندی دانوستانكاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە

K24 – ھەولێر:

بڕیارە لە داھاتوویەكی نزیكدا شاندی دانوستانكاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە، سەردانی ئەم جارە بۆ فراوانكردنی گفتوگۆكانە بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر زۆرێك لە كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بۆیە ئەم جارە شاندی دانوستانكار لەسەر پشكی ھەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجە و پێشمەرگە و دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم گفتوگۆ دەكات. بۆ ئەمەش لیژنەی تایبەتمەندی پێكھێناوە.

ئامانجی سەردانی ئەم جارەی شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، فراوانكردنی تەوەرەكانی گفتوگۆیە، حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەیەوێت لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر كۆی پرسە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان بگاتە رێكەوتن، گرنگترینیان پشكی ھەرێمی كوردستانە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و بابەتی پێشمەرگەیە. بۆ ھەر یەكێك لەمانەش لێژنەی تایبەتمەندی پێكھێناوە.

پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، بڕیار وایە ئەم مانگە بۆ پەرلەمانی عێراق بنێردرێت. ھەرێمی كوردستان دەیەوێت بەر لەوەی پرۆژە یاسایەكە بگاتە بەردەست پەرلەمانی عێراق و لێژنەی دارایی، لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور بگاتە رێككەوتن. لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش داوا دەكات ئەم جارە بڕگەیەكی جیاواز لەنێو یاسایەكەدا جێگیربكرێت.

پشكی ھەرێمی كوردستان تا ساڵی 2014  لە یاسای بوودجە بە %17 دیاری دەكرا، بەڵام كەمتر لەو بڕە دەھاتە ھەرێمی كوردستان، لە دوای ئەوەوە ساڵانە پشكی ھەرێمی كوردستان بە %12.67 لە یاسای بودجە جێگیر دەكرا، بەڵام تا ئێستا ئەم بڕەش بە تەواوی نەگەیشتووەتە ھەرێمی كوردستان.