"وەزارەتی دارایی ھەرێم و عێراق لە رووی تەكنیكییەوە رێككەوتوون"

ئەو رێككەوتنە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 جێگیر بكرێت و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت
دلێر عه‌بدولخالق، رێكخه‌ری‌ ژوری‌ رۆژنامه‌وانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان
دلێر عه‌بدولخالق، رێكخه‌ری‌ ژوری‌ رۆژنامه‌وانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان

K24 – ھەولێر

رێكخه‌ری‌ ژوری‌ رۆژنامه‌وانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگەیاند، شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە رووی تەكنیكییەوە رێككەوتوون.

دلێر عه‌بدولخالق، رێكخه‌ری‌ ژوری‌ رۆژنامه‌وانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی سەردانی بەغدایان كرد، لە رووی تەنكیكییەوە ھەردوو وەزارەتی دارایی حكومەتی ھەرێم و حكومەتی عێراق رێككەوتوون، ئەوەی ماوەتەوە پەیوەندی بە ھەندێك رێكارە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە و ئەو رێككەوتنە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 جێگیر بكرێت و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت".

گوتیشی: "ئەم ھەواڵە دڵخۆشكەرە، بەڵام بە بڕوای ئێمە ئەم قۆناغە پێویستی بەوەیە شاندێكی سیاسی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بۆ چەسپاندن و دەستەبەركردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان".

رێكخه‌ری‌ ژوری‌ رۆژنامه‌وانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان راشیگەیاند: "ئێمە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ھەموو ھەوڵێك دەدەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ھاتووەتە ئاراوە".