حەسەن تەمیمی: عێراق لە ریزبەندی یەكەمە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین

"عێراق و ھەرێمی كوردستان بە یەكەوە ڤاكسین وەردەگرن"

K24 - ھەولێر

وەزیری تەندروستی عێراق ئاشكرای دەكات، وڵاتەكەی لە ریزبەندی یەكەمی وەرگرتنی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، جەختیش دەكاتەوە، عێراق و ھەرێمی كوردستان بە یەكەوە ڤاكسین وەردەگرن.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "راستە رێژەی چاکبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بەرزە و ژمارەی پشکنینەکانمان زیاد کردووە، ھەروەھا ژمارەی تووشبووان کەمبووەتەوە، بەڵام هێشتا مەترسییەکە ماوە. ئێستا لە وەرزی زستانین و پلەکانی گەرما دابەزیون. بەراورد بە وڵاتانی دیکەی جیهان، ژمارەی تووشبوون لە عێراق کەمبووەتەوە ئەمەش سەرەڕای زیادکردنی ژمارەی پکشنینەکان. بەڵام ئەمە بە مانای لەناوبردنی ڤایرۆسەکە نایەت".

گوتیشی: "ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسییە بۆ سەر تەواوی پارێزگاکانی عێراق. ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان لە پەیوەندیداین و عێراق لە ریزی ئەو وڵاتانە دەبێت کە یەکەم کاروانی ڤاکسینی پێدەگات، ئەمەش دوای پەسەندکردنی لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی".

وەزیری تەندروستی عێراق راشیگەیاند: "ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و ئەوان ھاووڵاتی ئەم وڵاتەن، بەمەش هەموو عێراقییەک پێکوتەکە وەردەگرێت".