وەزیری نەوتی عێراق: پێشبینی دەکەم لەگەڵ هەولێر بگەینە رێککەوتن

ئیحسان عەبدولجەبار: بۆ پڕۆژە بودجەی 2021 نرخی بەرمیلێک نەوت بە 42 دۆلار دیاریکراوە
ئیحسان عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق - ئەرشیف
ئیحسان عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

ئیحسان عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، پێشبینی دەکات لەبارەی فرۆشی نەوت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەنە رێککەوتن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.

لە هەمان کاتدا وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، نرخی بەرمیلێک نەوت لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بە 42 دۆلار خه‌ملێنراوه‌.

وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، ناوەندی ئاستی هەناردەکردن لەم مانگەدا 2 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەبێت، هەروەها لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە عێراق سێ جۆر نەوتی خاو دەفرۆشێت.

ده‌ربارەی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلیش، وەزیری نەوت رایگەیاند، ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە پشکەکانی لە کێڵگەی رۆژئاوای قورنە یەک نافرۆشێت.

روونیشی دەکاتەوە، رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس هۆکار بووە، بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و سەرەتای ساڵی داهاتووش نرخی نەوت بۆ سەرووی 50 دۆلار بەرزدەبێتەوە.

ئیحسان عەبدولجەبار لعێبی جەختیشی لەوەکردەوە، عێراق پابەند دەبێت بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس چونکە لە بەرژەوەندییەتی.

ئەو گوتانەی وەزیری نەوتی عێراق لەمیانی وتارێكیدا بوو لە كۆنگرەی نەوت و گاز كە ئەمڕۆ لە بەغدا دەستیپێكرد.