عێراق و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاڵوگۆڕی دینار گفتوگۆ دەکەن

هۆکاری درەنگکەوتنی بودجە دەگەڕێتەوە بۆ دوایین کۆبوونەوەکانی وەزارەتی دارایی و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی
سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی
سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی

K24 - ھەولێر

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرای دەکات، عێراق و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی لەبارەی دیاریکردنی بەهای ئاڵوگۆڕی دراو گفتوگۆیان کردووە.

د. ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، هۆکاری درەنگکەوتنەکەشی بۆ ئەو گۆڕانکارییە خێرایەنە دەگەڕێنێتەوە کە نرخی نەوت بۆ سەرووی 49 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، و بەوەش چاوخشاندنەوە بۆ نرخی نەوتی دیاریکراو لە بودجە دەکرێت، کە ئەوەش گۆڕانکاری لە هاوکێشەکانی داهات و کورتهێنان و چۆنییەتی مامەڵەکردن بە خەرجی گشتی دەکات.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پێشبینی دەکات، رێژەی کورتهێنان لە کۆی قەبارەی خەرجی لە  نێوان 40% بۆ 50 بێت.

 ئاماژە بەوەشكرد، کە هۆکاری درەنگکەوتنی بودجە دەگەڕێتەوە بۆ دوایین کۆبوونەوەکانی وەزارەتی دارایی و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، کە تایبەت بە دیاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی.

سەفار، ئاشکراشی كرد، چەندین بۆچوون هەیە کە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێندرێت، و ئەو رێوشوێنانە رێژەی هەڵاوسان بەرزدەکاتەوە و رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە داهاتیان سنووردارە و تەنیا پشتیان بە مووچە بەستووە.