ئێران هەنگاوێکی دیکە دژی هەڕەشەکانی ئەمەریکا دەنێت

ئێران هاوکاری ئەو وڵاتە دەکات نەوتەکەی هەناردە بکات
كه‌شتییه‌كی نه‌وتهه‌ڵگری ئێرانی
كه‌شتییه‌كی نه‌وتهه‌ڵگری ئێرانی

K24 - هه‌ولێر:

کۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین کەشتیگەلی گواستنەوەی نەوت بۆ ڤەنزیۆلا دەنێرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پێشتر ئەمەریکا هۆشداریی دابووە ئێران بازرگانی نەوت لەگەڵ ڤەنزیۆلا نەکات.

هەردوو وڵاتانی ڤەنزوێلا و ئێران، لە لایەن ئەمەریکاوە سزای ئەوە دراون، بازرگانی نەوت نەکەن، بەمەش ڤەنزیۆلا دووچاری کورتهێنان لە بەرهەمی نەوت بووە و کێشەی سووتەمەنی لەو وڵاتە دروستبووە، تارانیش بێ گوێدانە هەڕەشەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە ناردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتەی ئەمەریکای لاتین.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئاڕ تی رووسی، ئێران نەک تەنها نەوتەکەی بە ڤەنزیۆلا دەفرۆشێت، بەڵکو هاوکاری ئەو وڵاتەش دەکات، نەوتەکەی هەناردە بکات.

ژمارەی ئەو کەشتیانەی ئەمجارە ئێران بۆ ڤەنزیۆلای دەنێرێت دوو هێندەی کەشتییەکانی رابردووە و لە سەرەتایی مانگی رابردووەوە، یەکەمجارە ئێران جارێکی دیکە نەوتەکەی بۆ ڤەنزیۆلا دەگوازێتەوە.

ئیلیۆت ئابرامز، نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران و ڤەنزیۆلا لەوبارەوە رایگەیاند، ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین و هەوڵ دەدەین بازرگانان خۆیان لەو بازرگانییە بەدوور بگرن، دەنا هەڵوێستی جیاوازمان دەبێت.