كۆبوونەوەی سێقۆڵی پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەستیپێكرد
K24 – ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی سێقۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد.
كۆبوونەوەكە لە بارەگای سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت و ھەرسێ لایەنی پێكھێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان تاوتوێی دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەكەن.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند "کۆبوونەوەکە بۆ پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ جێگیرکردنی پشکی کورد لە بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی 2021".
راشیگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەبارەی رەوانەکردنی شاندێکی سیاسی بۆ بەغدا و گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەت و لایەنەکانی عێراق دەدرێت".
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەكانی دوو رۆژی رابردووی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەكرێت، كە بارەگای ژمارەیەك لایەنی سیاسی و فەرمانگە حكومییەكان سوتێندران، لە ھەندێك ناوچەش ھێرش كرایە سەر كادیر و ئەندامانی پارتی.
رۆژی یەكشەممە 6/12/2020 وەك ئامادەسازی بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ شاندێكی پارتی سەردانی سلێمانی كرد و بە جیا لەگەڵ شاندی یەكێتی و گۆڕان كۆبوونەوە.