حكومەتی ھەرێمی كوردستان وەڵامی حكومەتی عێراق دەداتەوە

"سەرەڕای تێبینی زۆرمان پابەندی جێەجێكردنی یاسای قەرز دەبین"

K24 – ھەولێر

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا شاندی حكومەتی  ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، زانیاری لەبارەی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەخاتەروو. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە فەرمی وەڵامی حكومەتی عێراقمان داوەتەوە و ھەموو ئامادەییەكمان بۆ رێككەوتن نیشانداوە.

وەزیری دارایی، گوتی: "دوێنێ نامەیەكمان لە وەزارەتی دارایی عێراق پێگەیشت، ناوەڕۆكەكەی پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە ھەیە، وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقمان دایەوە، كە ئامادەین ناوەڕۆكی نامەكە جێبەجێ بكەین".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە 26/11/2020 سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی حكومەتی عێراق كردووە، ئامادەیی حكومەتی ھەرێمی بۆ رێككەوتن نیشانداوە، سەرەڕای ئەوەی تێبینیمان لەسەر یاسای قەرز ھەیە، كە لە پەرلەمانی عێراق پەسند كراوە".

ئاوات شێخ جەناب، ئەوەشی خستەڕوو: "لەبارەی دانوستانەكان لەگەڵ بەغدا، لە یەكەم سەردانمان كە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت چووینە بەغدا، تائێستا ھەرێمی كوردستان ئامادەیە پابەندی ھەموو بەندەكانی دەستوور و ئەو یاسایانە بێت كە لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچوون".

گوتیشی: "ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكومەت و پەرلەمانی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی، بۆیە داوایان لێدەكەین ئەوانیش ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن".

خالید شوانی، وەزیری وەزیری ھەرێم و ئەندامی شاندی حكومەتی ھەرێم بۆ بەغدا لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەدا جەختیكردەوە: "وێرای تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای قەرز كە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرا، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی ھەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە، كە حكومەتی ھەرێم رەزامەندە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو یاسایە، پێشتریش ئەو ھەلوێستە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاراستەی بەغدا كراوە، ئەو ئیلتیزاماتانەی لە یاساكەدا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی ھەرێم ئێمە ئامادەین جێبەجێی بكەین، حكومەتی ھەرێم لایەنە پەیوەندیدارەكانی خۆی راسپاردووە بۆ جێەجێكردنی یاساكە، پێویستە حكومەتی عێراقیش ئیلتیزامی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات، كە بریتیە لە دابینكردنی بودجەی ھەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران".

ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان گوتی: "زۆرجار دەگوترێت كە حكومەتی ھەرێم پابەند نییە بە رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا، بەڵام پێچەوانەكەی راستە، ئێمە بە سێ قۆناغ ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ پابەندبوون بە رێككەوتن لەسەر داھاتی نەوت و داھاتەكانی دیكە، بەڵام دەبێت لە بەرامبەردا ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن، بەتایبەتی مووچەی مووچەخۆران، كە ئەمە ئەولەویەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە".

راشیگەیاند: "لە 1/12/2019ـەوە حكومەتی ھەرێم بە فەرمی پابەندبوونی خۆی نیشانداوە، ھەرچی ئیلتیزاماتی نەوتی و دارایی ھەیە لەسەر ھەرێمی كوردستان جێبەجێی بكات، بەڵام بەداخەوە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی وایكرد ئەوكات رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرێت، جارێكی دیكە حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە سۆنگەی باوەڕبوونی بە چارەسەری كێشەكان بە دیالۆگ لە 15/8/2020 رێككەوتنمان لەگەڵ حكومەتی عێراق واژۆ كرد و ئامادەیی خۆمان بۆ جێبەجێكردنی دەربڕی بۆ جێبەجێكردنی ھەموو ئەو ئیلتزاماتانەی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی ھەرێم، بەڵام ئەوە حكومەتی عێراقە ناتوانێت شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان دابین بكات".

ئومێد سەباح، راشیگەیاند: "لە قۆناغی سێیەمدا سەرەڕای بوونی تێبینیمان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای قەرزی عێراق بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی كورد، بەڵام لە 26/11/2020، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، نامەیەكی ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد و دەستپێشخەری كرد، بە فەرمی پێی گوتن وەرن با رێككەوین".

گوتیشی: "ئێستا كە ئەمڕۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە نامەی فەرمی وەڵامی حكومەتی عێراقی داوەتەوە ھیچ بیانووێك نامێنێ، بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە پابەند نین بە رێككەوتن، ئومێد دەكەین حكومەتی عێراق ئیلتیزاماتی خۆی جێبەجێ بكات و رێككەوتنەكە بچێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە".