قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری دەستپێدەکات

104 هەزار كەس،208 هەزار مووچە وەردەگرن
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری دەستپێدەکات و به‌ گوێره‌ی ئەو داتایانەی لە قۆناغی یەکەمی بایۆمەتری دەرکەوتووە، تا ئێستا 208 هەزار کەس دوو مووچە تا سێ و چوار مووچە وەردەگرن. لیستی ئەم کەسانە تەواو بووە و راده‌ستی وەزارەتە تایبەتمەندییەکان کراوە بۆ ئەوەی سوودمەندبوون لە دوو مووچە و سێ مووچە نەمێنێت. لەو ژمارەیە 16 هەزار کەس لە سوودمەندبوونی دوو مووچە و سێ مووچە پشتڕاست کراوەتەوە بە نایاسای ئەو مووچانە وەردەگرن.

یەکێک لە بارگرانیەکانى سەر حكومەتى هەرێم و بەهەدەردانی داهاتی گشتی لە هەرێمی کوردستان هەبوونى ژمارەیەکی زۆرى ئەو فەرمانبەرانەيه؛ كه لە دوو تا سێ مووچە زیاتر وەردەگرن. بەپيێ قۆناغی یەکەمی سیستەمی بایۆمەتری 104 هەزار كەس، 208 هەزار مووچە وەردەگرن. لیستی ئەو فەرمانبەرانەى لە دوو تا سێ مووچە زیاتر وەردەگرن تەواو بووە و رادەستی وەزارەتە تایبەتمەندەکان کراوە. رۆژانەش ئەو داتایە بەرزتر دەبنەوە بڕیاریشە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری دەستپێبکات.

یەکێک لە بڕگەکانی یاسای چاکسازی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، نابێت هیچ فەرمانبەرێک بە نایاسایی زیاتر لە مووچەیەک وەربگرێت لەو چوارچێوەیەش ئەو کەسانەی زیاتر لە دوو مووچە وەردەگرن، مووچە نایاساییەکەیان دەبڕدرێت. لەو 104 هەزار کەسەش دەرکەوتووە 16 هەزار کەس بە نایاسایی زیاتر لە دوو مووچە وەردەگرن. لێکوڵینەوە لە دۆسیەی ئەوانی دیکەش دەکرێت.

راپۆرتی یەکەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وردەکاری سێ مانگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی تێدایە لەبەردەم  لیژنەی داراییە. جێبەجێکردنی یاسای چاکسای وەک خۆی لە داهاتوودا چاکسازییەکی ورد لە خەرجیەکان دەکات. ئەوانەی دوو مووچە، سێ مووچە و چوار مووچە وەردەگرن مووچە نایاسایەکەیان دەبڕدرێت.