داوای هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی زیاتر له‌ هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كرێت

هاوپه‌یمانان له‌ بوونی بۆشایی ئه‌منی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان نیگه‌رانن

K24 – ھەولێر:

لە ساڵی 2015ەوە سەنتەرێکی ھەماھەنگی ھاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ھەولێر دامەزراوە، فەرماندەیەکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند،  ئەو سەنتەرە رۆڵێکی مێژوویی گێڕاوە و ئەگەر ئەو سەنتەرە نەبووایە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ سەرکەوتوو نەدەبوو. ئێستاش بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە ئەمنیەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان ھاوپەیمانان ھاوکاری پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن بۆئەوەی زیاتر گرنگی بەو سەنتەرە بدرێت.

شاندێکی سەربازی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، سەردانی سەنتەری ھەماھەنگی ھاوبەشی نێوان ھێزە سەربازی و ئەمنیەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیان کرد لە ھەولێر. سەنتەرەکە ناسراوە بە "جەی سی سی" و لە ساڵی 2015وە بە مەبەستی ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنەوە موسڵ دامەزراوە.

فەرماندەیی سەنتەری ھەماھەنگی ھاوبەشی ھاوپەیمانان لە کوردستان رایگەیاند، بەردەوامی کاری ئەم سەنتەرانەی ھەماھەنگی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییه‌ ئەمنیەی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جیناکۆکەکان ھەیە زۆر گرنگە.

دەیڤد ویلیامز، بەڕێوبەری سەنتەری ھەماھەنگی ھاوبەشی ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە نیگەرانی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەین لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا لە ناوچە جێناکۆکەکان ھەیە. ئەم سەنتەرانەی ھەماھەنگی زۆر گرنگن بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی ھەڕەشەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، بە دڵنیاییەوە پاڵپشتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکات لەو بوارەدا. لەم شوێنەوە مێژوویەک تۆمارکراوە ئەویش ئەوەیە، کە بەبێ ھەبوونی ئەم سەنتەرەی ھەماھەنگیەی ھەولێر کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ سەرکەوتوو نەدەبوو. وەک دەبینین ئێستاش داعش ھەڕەشەیە لە ناوچە جێناکۆکەکان ھێرش دەکەن و دەمانەوێت ئەم سەنتەری ھەماھەنگییەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق گرنگی زیاتری پێبدرێت و ھاوکارییان دەکەین."

لیوا زرار عەزیز، نوێنەری ژووری ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی ھەرێمی کوردستان لە "جەی سی سی" باس لە گرنگی سەنتەرەکەی كرد ھەر لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکرنەوەی موسڵەوە تا ئێستا.

سەنتەرەکە لەژێر چاودێری ژووری ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی ھەرێمی کوردستانە. فەرماندی ھێزە سەربازی و ئەمنیەکانی کوردستان و عێراق لە سەنتەرەکەدان و بەردەوام لە لایەن ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشەوە سەردان دەکرێن. ئێستاش لەگەڵ رێککەوتنی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان جارێکی دیکە گرنگیەکی بەرچاو بەم سەنتەرانە دەدرێت و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش مەبەستیەتی ئەم سەنتەرانە وەک چۆن تاکە دەرچە بوو بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بەھەمان شێوە رۆڵی سەرەکی لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە ببینێت، كە لە نێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکاندا ھەیە.